پەیامنێری کوردستان24: سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی پێنج ڕەوانە دەکرێت

حکوومەتی هەرێـمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، لەسەر مووچە و نەوت رێککەوتن. لە قۆناغی یەکەمدا مووچەی مانگی پێنج دەنێردرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو لە لێکتێگەیشتنە نوێیەکەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، کە دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم پەسەندی کرد.
دیلان بارزانی، پەیامنێری کوردستان24، گوتی: وەزارەتی دارایی عێراق لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو خەرج دەکات.
پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، بڕیار دراوە چوار لیژنەی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق پێکبهێنرێت، بۆ پرسەکانی نەوت، مووچە و داهات.
هاوکات باسی لەوەش کرد، لە دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنج، ڕاستەوخۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەست دەکات بە وردبیکردن لە لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پاشان مووچەی مانگی شەش خەرج دەکرێت.
لە بارەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، دیلان بارزانی، ئاشکرای کرد، ڕێککەوتنەکەی نێوانیان، تاوەکوو ناردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2026 بۆ پەرلەمانی عێراق بەردەوام دەبێت.
دوێنێ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نوێی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان دا.