ئەمەریکا ڕێگەی بە دیپلۆماتکارەکانی دا بگەڕێنەوە عێراق

ئەمڕۆ هەینی، 18ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ڕێگەی بە گەڕانەوەی دیپلۆماتکارەکانی داوە بۆ عێراق، دوای ئەوەی نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لەگەڵ هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران، وڵاتەکەیان چۆڵکرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆکاری ئەم بڕیارەی ڕوون نەکردەوە، بەڵام هەنگاوێکی لەم شێوەیە بە گشتیی ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمەریکا پێی وایە مەترسییەکانی ململانێ کەم بووەتەوە.
تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "فەرمانبەران بەشێوەیەکی کاتی لە دەرەوەی عێراق دەست دەکەن بە گەڕانەوە بۆ هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە شاری هەولێری کوردستان."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند "هێشتا هۆشداری بە ئەمەریکییەکان دەدەین لە گەشتکردن بۆ عێراق."
لە 22ـی حوزەیرانی 2025، ئەمەریکا فەرمانی بە کارمەندەکانی خۆی لە عێراق کرد، ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات ئەمەریکا هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر هەر سێ دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران.
بڕیاری گەڕانەوەی ئەو دیپلۆماتکارانە دوای زنجیرەیەک هێرشی درۆن دێت کە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج. هەروەها لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ناوچەکە ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی درۆنی بووەتەوە و تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی خۆی لەئەستۆ نەگرتووە.
لای خۆیەوە تامی بروس ڕایگەیاند، "حکوومەتی عێراق ئەرکی پاراستنی خاکی خۆی و هەموو هاووڵاتیانی لەسەر شانە بێ جیاوازی".