شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا
بۆ دواهەمین زنجیرە کۆبوونەوە سەبارەت بە پڕۆژەی بودجەکانی 2021 تاوەکو 2023
K24 - هەولێر
بۆ دواهەمین زنجیرە کۆبوونەوەی تایبەت بە داڕشتنی بنەما ستراتیژییەكانی بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2021، 2022 و 2023، شاندی هەرێمی کوردستان یەکشەممەی داهاتوو دەچێتەوە بەغدا.
زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند "رۆژی یەکشەممە، شاندی ھەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی، دەچنەوە بەغدا و رۆژی دووشەممە و پێنجشەممە کۆبوونەوەکان لەسەر داڕشتنی ستراتیژیەتی پڕۆژەبودجەی 2021 تاوەکو 2023 دەکەین".
ئەم کۆبوونەوانە دەبنە دواهەمین زنجیرە کۆبوونەوەی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی پرۆژەی بودجەی ئەو سێ ساڵە، ئەگەر "وەزارەتی دارایی کۆبوونەوەکان زیاتر درێژنەکاتەوە".
كۆبوونەوەكانی لیژنەی داڕشتنی بنەما ستراتیژییەكانی بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵی ئاییدە، لە 31-8-2020 دەستیان پێكردووە. ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە پلانە ئابوورییەكە و نوێنەرانی ھەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكاندا بەشداربوون.
داڕشتنی ئەو بنەما ستراتیژییانە بۆ ئەوەیە لەڕووی ئابوورییەوە پلانێك دابڕێژرێت بۆ سێ ساڵی داھاتوو، کە جۆرێك لە سەقامگیریی ئابووری بێنێتە كایەوە.
لە رابردوودا چەندین جار حكومەتی عێراق رێككەوتنی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان کردووە، بەڵام دواتر لەگەڵ گۆڕانی كەشە سیاسییەكە، حكومەتەكان رێككەوتنەكانیان پێشێل كردووە، بۆیە یاساناسان لە هەرێمی کوردستان داوا دەکەن پڕۆژەکان بنێردرێنە پەرلەمان تاوەکو لەگەڵ دروستبوونی كێشە سیاسییەكان، ئەم رێككەوتنە پشتگوێ نەخرێت.
لە کۆبوونەوەی دوێنی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ دەربارەی بنەماکانی ستراتیژیی گشتی بودجەی فیدراڵیی عێراق کرا بۆ ساڵەکانی 2021 تا 2023. لە کۆبوونەوەکدا وەزیری پلاندانان، روونکردنەوەی پێشکەش کرد و ئەنجوومەنی وەزیرانیش وەزارەتەکانی راسپارد، ھەماھەنگی لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان بکەن بۆ ئەو مەبەستە، تاوەکو ھەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کاریگەری هەبێ لە داڕشتنی ستراتیژییەتی بودجەی فیدڕاڵی بە ئاراستەی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.
هـ.ر.