یەکێتیی ئەورووپا داوا له سوورییهكان دەکات هەنگاو بۆ یەکگرتنەوە و پاراستنی وڵاتەکەیان بنێنن
یەکێتیی ئەورووپا پێشوازی لە ڕێککەوتنی سووریا و ئیسرائیل دەکات و داواش دەکات حکوومەتی سووریا لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان هەنگاو بەرەو یەکگرتنەوە و پاراستنی وڵاتەکەیان بنێنن.
شەممە 19ـی تەممووزی 2025، یەکێتیی ئەورووپا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئاگربەستی سووریا بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان سووریا و ئیسرائیل دەکەن، کە بە پشتگیریی ئەمەریکا و لایەنەکانی دیکە ڕاگەیەندرا.
داواشی کردووە، هەموو لایەک ڕێز لە ڕێککەوتنەکە بگرن و هەموو کردەوەیەکی توندوتیژیی ڕابگرن و پاڕێزگاری لە هاووڵاتییانی مەدەنی بکەن، هاوکات ڕێگری لە هاندان بۆ توندوتیژی و گوتاری تائیفی بگیرێت.
یەکێتیی ئەورووپا داواش لە ئیسرائیل و گرووپەکانی دیکەی دەرەکی دەکات ڕێز لە سەروەریی خاکی سووریا بگرن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، بە توندوتیژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بەرانبەر هاووڵاتییانی مەدەنی حەپەساون، داواش دەکات هەر لایەنێک پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبهت به مافهكانی مرۆڤ کردبێت، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و ڕووبهڕووی دادگا بكرێنهوه.
یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەشی داوە، ئێستا کاتی گفتوگۆکردنە، بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بێت، دەبێت حکوومەتی سووریا لەگەڵ گرووپە ناوخۆییەکان بەبێ جیاوازی هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن و هەنگاوی جیددی لە بەرانبەر یەکگرتنەوە و پاراستنی سووریا و چەکداماڵین و داڕشتنەوەی هێزەکان بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بنێنن. یەکێتیی ئەورووپا ئامادەی خۆشی بۆ هاوکاریکردن لەم هەوڵانە پیشان داوە.
هەر ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکایەتیی حکوومەتی سووریا، ئاگربەستێکی 'دەستبەجێ و گشتگیر'ـی لە پارێزگای سوەیدا ڕاگەیاندبوو، ئەمەش دوای نزیکەی هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادان لە سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن و لە ئەنجامدا زیاتر لە 700 کەس کوژران. هاوکات، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگاکەدا بڵاو کراونەتەوە.