وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: زۆر گرنگە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە سووریا ڕابگەیەندرێت
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە دۆخی سووریا نیگەرانە و داوا دەکات دەستبەجێ ئاگربەستێکی هەمیشەیی ڕابگەیەنرێت و ڕێگری لە کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی بكرێت.
شەممە 19ـی تەممووزی 2025، دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە بارەی دۆخی سووریا ڕایگەیاند: بە کردەوە توندوتیژییەکانی باشووری سووریا شۆک بووم، بۆیە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە ناوچەکە زۆر گرنگە.
هەروەها باسی لەوەش کردووە، دەیانەوێت شەڕ بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە سووریا کۆتایی بێت و ژیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت و دڵنیاییش لە گەیاندنی هاوکاری مرۆییەکان بدرێت.
هەر ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکایەتیی حکوومەتی سووریا، ئاگربەستێکی 'دەستبەجێ و گشتگیر'ی لە پارێزگای سوەیدا ڕاگەیاندبوو، ئەمەش دوای نزیکەی هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادان لە سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن و لە ئەنجامدا زیاتر لە 700 کەس کوژران. هاوکات، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگاکەدا بڵاو کراونەتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان درووزەکان و بەدەوییەکان ڕوویدا. بە پێی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوان بۆ 940 کەس بەرز بووەتەوە.