مۆسکۆ: تا ئێستا وادەی دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا دیاری نەکراوە

بەپێی ئاژانسی تاس، سەرچاوەیەکی باڵای ڕووسیا پشتڕاستی کردووەتەوە، تا ئێستا وادەی خولی نوێی دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دیاری نەکراوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا ڕۆژەکە دیارینەکراوە و دواتر ڕێککەوتن لەسەریان دەکرێت.

دوێنێ شەممە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند "کیێڤ پێشنیازی خولی نوێی دانوستانەکانی ئاشتی بۆ مۆسکۆ لە هەفتەی داهاتوودا کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی دانوستانەکان لە سەرەتای مانگی حوزەیران وەستان."

زێلێنسکی لە وتارێکیدا ڕایگەیاند "ڕوستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایش ڕاپۆرتێکی پێشنیازی هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ لایەنی ڕووسیا بکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، "دەبێت هەنگاوەکان بۆ دانوستان خێرا بکرێن".

سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادەیی خۆی دووپاتکردەوە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی، ڤلادیمێر پوتن و گوتی: "کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی سەرکردایەتیکردن زۆر گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی ڕاستەقینە و ئاشتییەکی بەردەوام".

لە دانوستانەکانی مانگی ڕابردوودا، ڕووسیا کۆمەڵێک داواکاری خستە ڕوو، لەوانە دەستەبەردابوونی خاکی زیاتر لەلایەن ئۆکرانیا و ڕەتکردنەوەی جێگیرکردنی هێزەکانی ڕۆژئاوا لە نزیک سنوورەکانی وڵاتەکەی.

لای خۆشییەوە ئۆکرانیا مەرجەکانی ڕه‌ت كرده‌وه‌ و ڕووسیای بە تێکدانی دانوستانەکان تۆمەتبار کرد.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا 50 ڕۆژ مۆڵەتی بە پوتن دا بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆکرانیا ڕێک بکەوێت، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئۆكرانیا نیشان دا.