بەکارهێنانی مەرەکەبی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق هەڵوەشایەوە

یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیاریدا بەکارهێنانی "مەرەکەبی هەڵبژاردن" بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی کارتی بایۆمەتری و سێ پەنجەمۆری دەنگدەران.

 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نووسراوێکدا ئاشکرای کرد، "ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بەکارهێنانی مەرەکەبی هەڵبژاردنی پەسەند کرد، لە ڕۆژی دەنگداندا،  لەبەر ئەوەی کارتی بایۆمەتری لەگەڵ هاوتاکردنی سێ پەنجەمۆر بەکار دەهێنرێت، کە بە ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانەوە بەستراونەتەوە، جگە لەو کامێرایانەی کە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بە ئامێرەکانی دەنگدان دەبەسترێنەوە".

جومانە غەلای، ئاماژەی بەوەش دا،  "ئەم شێوازە دەنگدانە پێویستی بە مەرەکەبی دەنگدان نامێنێت، چونکە دەزگاکانی هەڵبژاردن مافی دەنگدەران بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا زامن دەکەن".

مەرەکەبی دەنگدان ئەو ڕەنگەیە کە لەناو قووتوێکدایە کاتێک دەنگدەر دەنگ دەدات پەنجەی ڕەنگ دەکات، تاوەکوو نەتوانێت ساختەکاری بکات و زیاتر لە جارێک دەنگ نەدات، زۆر جار ڕەنگەکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەسەر پەنجەکان دەمێنێتەوە.

 9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، بڵاوی کردەوە‌، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل