رۆژنامەی زە ھێل: دەبێت ئەمەریكا پێگەی سەربازی خۆی لە ھەرێمی کوردستان بەھێز بکات

ئەمەریکا لە عێراق تەنیا لە سێ بنکەدا ماوەتەوە، یەکێکیان لە ھەرێمی کوردستانە

K24 – ھەولێر:

رۆژنامه‌ی زه‌ هێلی ئه‌مه‌ریكایی بڵاویكرده‌وه‌، رۆڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەعێراقدا لەدووڕیان دایە و دەبێت لەگەڵ كەمكردنەوەی ھێزەكانی لەعێراق، ھەبوونی سەربازی خۆی لە ھەرێمی كوردستان بەھێز بكات.

رۆژنامەی "زە ھێل"ی ئەمه‌ریکی لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی: ھەرێمی کوردستان شوێنێکی ئارامە و داوا له‌ ئەمه‌ریکا دەكات دوای کەمکردنەوەی سەربازەکانی لە عێراق، پێگەی سەربازی خۆی لە ھەرێمی کوردستان بەھێز بکات.

"سێنس فرانتزمان" شرۆڤەکار و نووسەری کتێبی "شەڕی درۆنەکان" کە بڕیارە ساڵی داھاتوو بڵاوبکرێتەوە گوتی: رۆڵی ئەمه‌ریکا دوای كەمكردنەوەی ژمارەی سەرباز و بنكەكانی لە عێراق لە دووڕیانێکدایە و جێگیرکردنی ھێزەكانی خۆی لە ھەرێمی کوردستان کە دۆستی ئەمه‌ریکان، بۆ ئەو ھێزانە شوێنێکی ئارامە و دڵنیایی دەدات لە سەلامەتی سەربازەکانمان.

فرانتزمان، ئاماژە بەوە دەکات، دوای گۆڕانی فەرماندەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و زیادبوونی ھێرشی میلیشیاکانی سەربە ئێران بۆ سەر ئەمەریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق؛ ئەمەریکا ھەشت بنکەی سەربازیی رادەستی عێراق کرده‌وە و تەنیا لە سێ بنکەدا ماوەتەوە، کە یەکێکیان لە ھەرێمی کوردستانە.

گوتیشی: ئەمەریکا ناتوانێ لەرێگەی درۆنەوە بەتەواوی شەڕی دژ بە داعش بکات؛ بەڵکو پێویستە راھێنانەکان بە پێشمەرگە و ھێزە عێراقیەکان بەردەوامبن.