ئێران: سیستەمی بەرگریی نوێمان داناوە
فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەمان لە جەنگی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، زیانییان بەرکەوتووە.
یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025، مەحموود مووسەوی، فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران گوتی: لە جەنگی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، هێزەکانی دوژمن یەکەم هەنگاوییان هێرشکردن بوو بۆ سەر سیستەمی بەرگریی و ڕاداری وڵاتەکەمان، بۆیە بەشێک لە سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەمان زیانیان بەر کەوتووە.
گوتیشی: هاوکارانم بە پشتبەستن بە سەرچاوەی ناوخۆیی، ئەو سیستەمە بەرگرییانەی زیانیان بەرکەوتبوو گۆڕویانە و سیستەمی بەرگری نوێیان لە شوێنیان داناوە.
باسی لەوەش کرد، پێشتر ئەو سیستەمە بەرگرییە نوێیانە لە شوێنێکی گونجاو لە وڵاتەکەدا هەڵگیرابوون.
پێش جەنگی 12 ڕۆژە، ئێران خاوەنی سیستەمی بەرگری 300ـی ڕووسی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی باڤار-373ـی ناوخۆیی بوو.
لە کاتی جەنگەکەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا ئاسمانی ئێرانیان کۆنترۆڵ کردووە.
ڕۆژی دووشەممە 7ی تەممووزی 2025، سەعید ئەوحەدی, سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: لە سەرتاسەری ئێران هەزار و 60 کەس لە کوژراوانی جەنگی 12ی ئیسرائیل بە خاک سپاردووە.
سوپای ئیسرائیل لە بەرەبەیانی هەینی 13ی حوزەیرانی 2025، هێرشی فراوانی ئاسمانی کردە سەر ئێران و جەنگێکی 12 ڕۆژە لە نێوانیان هەڵگیرسا، دواجار ئەمەریکا بە فڕۆکە B-2 لە بەرەبەیانی یەکشەممە 22ی هەمان مانگ هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران (فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان) و دوای هێرشەکەش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "دامەزراوەی فۆردۆ کۆتایی پێهات و ئێستا کاتی ئاشتییە"، بەڵام کاتژمێر حەوتی بەیانی سێشەممە 24ی حوزەیرانی 2025، لەسەر پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، هەردوو لایەنی جەنگەکە دەست بەرداری هێرشکردنە سەر یەکتر بوون و ئاگربەست ڕاگەیاندرا.