کۆنگرێسمانێک: پێویستە حکوومەتی سووریا چاکسازی دەست پێبکات

کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکی ڕایگەیاند، ترەمپ سزاکانی سەر حکوومەتی سووریا هەڵگرت، بۆیە ئەوانیش دەبێت ئەو توندوتیژییەکان ڕابگرن و قسەکانیان بکەنە کردار چاکسازی دەست پێ بکەن، گوتیشی: تاکە ڕێگە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ، ڕەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانە لە وڵاتەکە.

یەکشەممە 20ی تەممووزی 2025، ئەبراهام جەمال حەمادە، کۆنگرێسمانی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی دۆخی سووریا ئاماژەی داوە، دەبێت دەستبەجێ ئەو توندوتیژییە دڕندانەییە لە بەرانبەر کۆمەڵگەی درووزەکان ڕابگیرێت.

باسی لەوەش کردووە، لە ژێر سەرکردایەتیی یەکلاکەرەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، واشنتن دەستپێشخەرییەکی بوێرانەی کردووە لە هەڵگرتنی سزاکان و پیشاندانی نیازپاکی بەرانبەر بە حکوومەتی سووریا و خەڵکەکەی، بە مەبەستی ئەوەی چاکسازیی لە وڵاتەکە بکرێت.

کۆنگرێسمانە ئەمەریکییەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئێستا کاتی ئەوەیە حکوومەتی سووریا قسەکانی بکاتە کردار، ئەگەر بیانەوێت شەرعییەتی خۆیان بپارێزن، دەبێت فەرمان دەربکات کە ژیانی هەموو هاووڵاتییان پارێزراو بێت و بە ڕاستگۆیانە پابەندبوونی خۆییان بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە بۆ هەمیشە دووپات بکەنەوە.

ئاماژەشی داوە، تاکە ڕێگە بۆ بونیاتنانی سووریایەکی نوێ، ئەوەیە کە وڵاتەکە ڕەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکان و ئایینێک بێت، هاوکات ئەمەریکا دەیەوێت سووریایەکی سەرکەوتوو ببینێت، بەڵام بەبێ خوێنڕێشتن و پارچە بوون.

یەکشەممە 20ی تەممووزی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: وەستاندنی توندوتیژییەکان، پاراستنی خەڵکی مەدەنی، دەستەبەرکردنی هاوکاریی مرۆییەکان، پەرەنەسەندنی گرژییەکان تەنیا لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکەوە دەکرێت.

تۆم باراک ئاماژەشی داوە، لە کاتژمێر 17:00ی ئەمڕۆ بە کاتی دیمەشق، دەبێت هەموو لایەنەکان شەڕ و ڕابگرن.

ڕۆژی یەکشەممە، 13ی تەممووزی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان درووزەکان و بەدەوییەکان ڕووی دا. بە پێی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوان بۆ 940 کەس بەرز بووەتەوە.

شەممە، 19ی تەممووز 2025، سەرۆکایەتیی حکوومەتی سووریا، ئاگربەستێکی 'دەستبەجێ و گشتگیر'ی لە پارێزگای سوەیدا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای نزیکەی هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادان لەو پارێزگایەی کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن و لە ئەنجامدا زیاتر لە 940 کەس کوژران. هاوکات، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگاکەدا بڵاو کراونەتەوە