به‌رپرسێكی لۆجستی داعش له كه‌ركووك ده‌ستگیركرا
پێداویستی بۆ داعش دابینكردووه
K24 – هه‌ولێر:
مه‌فره‌زه‌یه‌كی سه‌ر به به‌ڕێوبه‌رایه‌تی هه‌واڵگری سه‌ربازی عێراق، دوێنێ پێنجشه‌ممه له سنووری پارێزگای كه‌ركووك، تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیركرد، كه به‌رپرس بووه له ناردنی پێداویستی په‌یوه‌ندیكردن بۆ چه‌كدارانی داعش.
به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه له‌و باره‌یه‌وه به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركردووه و تێیدا رایگه‌یاندووه، "له رێگه‌ی ئۆپراسیۆنێكی ئه‌منی و به پشتبه‌ستن به زانیاری هه‌واڵگری ورد مه‌فره‌زه‌یه‌كی هه‌واڵگری و دژه‌تیرۆری سه‌ر به به‌ڕێوبه‌رایه‌تی هه‌واڵگری سه‌ربازی توانیان كه‌سێك ده‌ستگیربكه‌ن، كه پێداویستی په‌یوه‌ندیكردن و ئامێری ئه‌لیكترۆنی بۆ چه‌كدارانی داعش دابین ده‌كرد و ئه‌ندام بوو له تۆڕێكی ئیداری داعش، كه ناوی لێنراوه كه‌رتی كه‌ركووك".
هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكردووه، دوو كه‌سی دیكه‌یان ده‌ستگیركردووه، كه خۆراك و ئامێری ئه‌لیكترۆنیان بۆ چه‌كدارانی داعش ره‌وانه كردووه و هه‌ردووكیان به گوێره‌ی مادده‌ی 4ی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێنه‌وه.