وەزارەتی دەرەوەی ئێران: لەم هەفتەیەدا گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ زلهێزەکانی ئەورووپا دەکەین
بە پێی ڕاپۆرتێکی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025، ڕایگەیاند، ئێران هەینی داهاتوو، لەسەر ئەنجامدانی دانوستانی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە ئیستانبوڵ کۆدەبێتەوە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، "لە وەڵامی داواکاری وڵاتانی ئەورووپا، ئێران کۆدەبێتەوە لەسەر ئەنجامدانی خولێکی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی سێ وڵاتی ئەورووپا کە ئەندامی پلان هەمەلایەنەی هاوبەشی کارن".
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا و سێ وڵاتی ئەورووپا بیانەوێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن، دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و دەستبەرداری سیاسەتی هەڕەشە و فشار بن، لەنێویاندا هەڕەشەی چالاککردنی میکانیزمی "سناپباک"، کە بە بێ هیچ بنەمایەکی یاسایی و ئەخلاقی دەزانێت.
دوێنێ یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتی ئێران گوتی: ڕێبازی ئێمە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەوروپییەکان بەهێزتر و پتەوترە لە ڕابردوو، زۆر گرنگە ئەوروپییەکان ئاگاداری هەڵوێستەکانی ئێران بن. ئێمە کارێکی زۆرمان لە دیدار لەگەڵ ئەوروپییەکان هەیە.
عراقچی گوتیشی: بەدڵنیاییەوە ئێران لەدوای شەڕەوە زۆرتر بەدواداچوون بۆ مافەکانی دەکات.
عراقچی ڕۆژی هەینی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا بەریتانی و فەرەنسی و ئەڵمانییەکانی و هەروەها کایا کاڵاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا کرد.
ئەوروپییەکان هۆشدارییان دا کە ئەگەر ئێران بەم زووانە نەگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکان، ئەوا میکانیزمێکی "سناپباک" دەستپێدەکەن بۆ دووبارە سەپاندنی ئەو سزایانەی کە بەپێی ڕێککەوتنی ساڵی 2015 بۆ سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی ئەتۆمی تاران هەڵگیراون.