وەزیری دەرەوەی ئێران: ناتوانین دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بین
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی، ڕایگەیاند "وڵاتەکەی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە تایبەتی پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت، سەرەڕای ئەوەی زیانێکی زۆر بەهۆی بۆمبارانەکەی ئەمەریکاوە بەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان کەوتووە."
عراقچی بە فۆکس نیوزی گوت: "ئێستا بەرنامەکە ڕاگیراوە، چونکە زیانی زۆری بەرکەوتووە، بەڵام ڕوونە کە ناتوانین دەستبەرداری بین، چونکە دەستکەوتی زاناکانمانە، ئێستاش لەوەش زیاتر، بابەتی شانازی نیشتمانییە".
وەزیری ئێران جەختی لەوە کردەوە هەر ڕێککەوتنێکی ناوەکی لە داهاتوودا دەبێ مافی کۆماری ئیسلامی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دەستەبەر بکات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا تاران هیچ یۆرانیۆمێکی پیتێنراوی لە بۆمبارانەکەی ئەمەریکا ڕزگارکردووە یان نا، وەزیری ئێران ڕایگەیاند، "زانیاری وردم نییە" لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران "کار دەکات بۆ ئەوەی بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات کە چی بەسەر کەرەستە ئەتۆمییەکانماندا هاتووە، کە ماددەی پیتێنراوەکانی ئێمەیە".
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.