كابینهی نۆیهم پهیوهندییهكانی ههرێمی كوردستانی لهگهڵ جیهانی دهرهوه بردووهته قۆناغێكی نوێ
حکومەتی ھەرێم لەگەڵ وڵاتانی زلھێز و کاریگەری جیھان، توانیویەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی پەرە پێبدات
K24- ھەولێر:
کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەرەی بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی زلھێز داوە. ھەوڵیداوە پێگەی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆتاییھێنان بە کێشەکانی ناوچەكه بەکار بھێنێت. پێگە و کەسایەتی سەرۆکی حکومەتیش لەو رووەوە پێگهیهكی کاریگەر و رێز لێگیراوە.
لە کابینەی نۆیەم نەخشەی دیبلۆماسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان گۆڕاوە، ئێستا ھەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان جيێ بایەخە. سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان توانیویەتی بازنەی دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتان فراوان بکات. لە لایەکی دیکەشەوە ئەو گرژی و لێکتێنەگەشتنەی لەگەڵ ھەندێك لە وڵاتانی ھەبووە کەمبكاتەوە.
بۆ یەکەمجار لە پاڵ پەیوەندی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ وڵاتانی زلھێز و کاریگەری جیھان، کابینەی نۆیەم توانیویەتی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی پەرە پێبدات و پەیوەندی تازە دروست بکات، ھۆکارەکەشی ئەوەیە سەرۆکی حکومەت پێگە و کەسایەتیەکی سیاسی رێز لێگیراوە.
پەیوەندی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، خاڵێکی سەرەکی ھێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمە، دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان لەسەر بنەمای یاسایەکی نوێ رێکخراونەتەوە، کابینەی نۆیەم جەخت لە پەیوەندیەکی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکاتەوە، پشتگیری چارەسەرکردنی ئاشتیانەی گشت کێشەکانی ناوچەکە دەکات، بەشێوەیەك ھەرێمی کوردستان بەشێك بێت لەو چارەسەرە. ھەروەھا نوێنەرایەتیەکانی خۆی لە دەرەوە بەھێز دەکات و ھەوڵی کردنەوەی نوێنەرایەتی دیکەش دەدات. زەمینەیەکی باشیش دەرەخسێنێت بۆ ئەوەی وڵاتان کونسوڵگەری زیاتر لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە.