یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی دۆخی غەززە هۆشداری دەدات ئیسرائیل
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل لەبارەی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکات، ئەوا هەموو بژاردەیەک دەگرنە بەر.
سێشەممە 22ـی تەممووزی 2025، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: هیچ بیانوویەک بۆ کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە نزیک ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان نییە. ئاماژەشی داوە، بۆ بەبیرهێنانەوەی ڕێکەوتنی نێوانیان قسەی لەگەڵ جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کردووە و پێی ڕاگەیاندووە، پێویستە سوپای ئیسرائیل واز لە بەئامانجگرتنی خەڵک لە ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان بهێنێت.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا باسی لەوەش کردووە، ئەگەر ئیسرائیل بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکات، ئەوە هەموو بژاردەیەک دەگرنە بەر.
نزیک مانگێک بەر لە ئێستا، کایا کالاس ڕایگەیاندبوو، ئیسرائیل بە زیاد کردنی بارهەڵگرە هاوکارییە مرۆییەکان و دابەشکردنی هاوکارییەکان ڕازی بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند، بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ەوە تا ئێستا، 59 هەزار و 106 کەس گیانیان لە دەست داوە و 142 هەزار و 511 کەسی دیکەش بریندار بوونە.
دووشەممە 21ـی تەممووزی 2025، هەر یەک لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئوسترالیا، کەنەدا، سویسرا، نیوزلەندا، دانیمارک و ژمارەیەک وڵاتانی دیکە کە کۆی گشتی دەبنە 25 وڵات ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشییان لەبارەی کەرتی غەززە بڵاو کردبووە و داوایان کرد، دەستبەجێ ئاگربەستی کەرتەکە ڕابگەیەنرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو، زیاتر لە 800 هاووڵاتی فەڵەستینی بەهۆی هەوڵدان بۆ بەدەست گەیشتنی هاوکارییەکان کوژراون، شێوازی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن حکوومەتی ئیسرائیلەوە زۆر مەترسیدارە و دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر، بێبەشکردنی غەززەییەکان لە ڕێز و شکۆی مرۆڤایەتی. گوتبووشیان: "هیچ ئامانجێک بۆ خوێنڕشتن نییە".