لە ئاهەنگێکدا لە ئەمەریکا، دوو کەس بە گوللـە کوژران و 14ـی دیکە بریندار بوون
"کاتێک پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، دیمەنێکی پەشێویی زۆریان بینیوە''
K24 - هەولێر
لە ئاهەنگێکدا لە ماڵێکی رۆچیستەر لە نیویۆرک، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقەکراوە، لە ئەنجامدا دوو کەس کوژران و 14ـی دیکەش بریندار بوون.
مارک سیمۆنس، بەرپرسێکی پۆلیسی نیویۆرک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئەمڕۆ (شەممە، 19-9-2020) رایگەیاند "کاتێک پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، دیمەنێکی پەشێویی زۆریان بینیوە و خەڵک بە هەموو لایەکدا رایانکردووە".
پۆلیس دەڵێ: 16 کەس قوربانیی رووداوەکەن. سیمۆنس هەروەها گوتی "بە دڵێکی خەمگینیشەوە دەڵێم دوو لە بریندارەکان، بەهۆی گوللـەوە گیانیان لەدەستداوە".
دوو کوژراوەکە، پێکهاتوون لە پیاو و ژنێکی تەمەن 18 و 22 ساڵ، بەڵام تائێستا ناسنامەیان بە فەرمی ئاشکرا نەبووە.
پۆلیس دەڵێ بریندارەکان سەرجەمیان گواستراونەتەوە نەخۆشخانە و برینی هەموویان سەخت نییە.
تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە و پۆلیسیش ئاماژەی بەوە کردووە؛ ناتوانن بڵێن لە یەک تەقەکەر زیاتر هەبووە.
هـ.ر.