عێراق 83 حاڵەتی مردن و 3 ھەزار 907 تووشبوون بە كۆرۆنای تۆماركرد

4 ھەزار و 234 كەسیش بەتەواوی لەنەخۆشییەكە چاكبوونەتەوە

K24 – ھەولێر

وەزارەتی تەندرووستی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 19/9/2020 لە راگەیاندنێكدا ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنای لە سەرتاسەری وڵات، بە ھەرێمی كوردستانیشەوە بڵاوكردەوە.

بەپێی راگەیاندراوەكە، لە ماوەی شەو و رۆژێكدا 3 ھەزار و 907 حاڵەتی نوێی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە. ھەر بەھۆی ئەم پەتایەوە، 83 كەسیش گیانیان لەدەستداوە. ھاوكات 4 ھەزار و 234 كەسیش بەتەواوی لەم نەخۆشییە چاكبوونەتەوە.

لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق تاكو ئێستا 315 ھەزار و 559 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە و لەم ژمارەیەش 8 ھەزار 491 كەس بە ھۆی نەخۆشی كۆڤیدا- 19 گیانیان لە دەستداوە، ھەروەھا 249 ھەزار و 539 كەسیش بەتەواوی لەو نەخۆشییە چاكبوونەتەوە، واتە بەرێژەی 79.1%.

ژمارەی ئەو تووشبووانەی تاكو ئێستا لە نەخۆشخانەكانن و لە ژێر چاودێری پزیشكی دانە 57 ھەزار و 567 كەسن و لەم ژمارەیە 524 كەس لە ژێر چاودێری چڕدان.