فەرەنسا هۆشداری لە سەرهەڵدانی قەیرانی خۆراک لە غەززە دەدات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا هۆشداری دەدات، هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی خۆراک و بەدخۆراکی، لای خۆشییەوە، گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل ئەو لێدوانانەی ڕەت کردەوە و گوتی، ئیسرائیل هۆکاری هیچ قەیرانێک نییە لە غەززە.

چوارشەممە 23ـی تەممووزی 2025، کریستۆف لیمۆین, گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، زیادکردنی هێرشە سەربازییەکان لە کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، وای کردووە دۆخی مرۆیی لە کەرتەکە خراپتر ببێت.

هەروەها هۆشداریشی داوە، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا قیرانی خۆراک و بەدخۆراکی لە کەرتەکە ڕوو دەدات.گوتیشی ئەو ڕووداوانە بەهۆی سنووردارکردنی هاوکاری مرۆییەکان و داخستنی دەروازەکانە لەلایەن ئیسرائیلەوە.

لای خۆشییەوە دەیڤد مێنسەر، گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل ئەو لێدوانانە ڕەت دەکاتەوە و گوتی: ئیسرائیل هۆکاری هیچ قەیرانێکی خۆراک نییە لە غەززە.

باسی لەوەش کرد، حەماس هۆکاری دروست بوونی ئەو دۆخەیە، ئەو بزووتنەوەیە ڕێگرە لە دابەشکردنی هاوکاری مرۆییەکان و دەستی بەسەر دا دەگریت و بۆ خۆیان بەکاری دەهێنێت.

پێشتریش نزیکەی 100 گرووپ و ڕێکخراوی مرۆیی هۆشدارییان دا کە ئەگەر ئەو دۆخە لە غەززە بەردەوام بێت، ئەوا دەبێت هۆی برسێتییەکی زۆر لە کەرتەکە.

دووشەممە 21ـی تەممووزی 2025، هەر یەک لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئوسترالیا، کەنەدا، سویسرا، نیوزلەندا، دانیمارک و ژمارەیەک وڵاتانی دیکە کە کۆی گشتی دەبنە 25 وڵات ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشییان لەبارەی کەرتی غەززە بڵاو کردبووە و داوایان کرد، دەستبەجێ ئاگربەستی کەرتەکە ڕابگەیەنرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو، زیاتر لە 800 هاووڵاتی فەلەستینی بەهۆی هەوڵدان بۆ بەدەست گەیشتنی هاوکارییەکان کوژراون، شێوازی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن حکوومەتی ئیسرائیلەوە زۆر مەترسیدارە و دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر، بێبەشکردنی غەززەییەکان لە ڕێز و شکۆی مرۆڤایەتی. گوتبووشیان: "هیچ ئامانجێک بۆ خوێنڕشتن نییە".

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment