دانوستانەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا کۆتایی هات و لەسەر ئاڵوگۆڕی دیلەکان ڕێککەوتن
دانوستانەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا کۆتایی هات و بەگوێرەی سەرۆکی شاندەکانی ئەو دوو وڵاتە، لە سەر ئاڵوگۆڕکردنی هەزار و 200 دیل ڕێککەوتوون.
چوارشەممە 23ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی تاسی ڕووسی بڵاوی کردووەتەوە، گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئیستانبول کۆتایی هات.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 8:37 خولەکی ئێوارە دەستی پێ کرد و نزیکەی 40 خولەکی خایاند.
ڕۆستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئۆکرانیا دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، پێشنیازیان بۆ ڕووسیا کرد کە لە کۆتایی مانگی ئاب کۆبوونەوەیەک لە نێوان ڤلادیمێر پوتن، سهرۆكی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی، سهرۆكی ئۆكرانیا بەڕێوە بچێت، چونکە کاری لە پێشینەی ئێمە ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و دیداری پوتن و زێلێنسكییە.
عومەرۆڤ گوتیشی: سوپاسی هەوڵ و پشتگیریی هاوبەشەکانمان بۆ ئاشتی دەکەین.
سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئۆکرانیا باسی لەوەش کرد، زیاتر لە هەزار و 200 دیل و زیندانی لەگەڵ ڕووسیا ئاڵوگۆڕ دەکەن.
لای خۆشییەوە ڤلادیمێر مێدێنسکی، ڕاوێژکاری سەرۆکی ڕووسیا، سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، پێشنیازمان بۆ ئۆکرانیا کرد بیر لە ئاگربەستێکی کاتی لە نێوان 24 بۆ 48 کاتژمێر بکاتەوە.
باسی لەوەش کرد، لەگەڵ ئۆکرانیا گەیشتوونهته ڕێککەوتن کە لە سنووری بێلاڕووس و ئۆکرانیا هەزار و 200 زیندانی ئاڵوگۆڕ بکەن، لەگەڵ سێ هەزار تەرم.
هاوکات پێشنیازمان کرد، سێ گرووپ دابمەزرێنن، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکەیان لەگەڵ ئۆکرانیا بەردەوام بێت.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئۆکرانیا و ڕووسیا چیتر هیچ دانوستانێک لەبارەی گۆڕینەوەی دیلەکان ناکەن.
گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا
هەینی 16ـی ئایاری 2025، دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو، کە نزیکەی کاتژمێرێک و 40 خولەکی خەیاند.
دانوستانەکان بە سەرپەرشتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە بەڕێوەچوو، کە ڤلادیمێر مەدینسکی، ڕاوێژکاری پوتن، سەرۆکایەتی شاندی ڕووسیا و ڕۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، سەرۆکایەتی شاندی ئۆکرانیایان دەکرد.
قۆناغی ئەڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ڕۆژی هەینی 23ی ئایاری 2025 دەستی پێ کرد، کە پێکهاتبوو لە ئەڵوگۆڕکردنی 1000 دیل. کە لە نێوانیان دا جگە لە سەربازەکان، 120 هاووڵاتی مەدەنی هەبوو.
گەڕی دووەمی دانوستانەکان ئۆکرانیا و ڕووسیا
ڕۆژی دووشەممە 2ی حوزیرانی 2025، گەڕی دووەمی دانووستانەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە تورکیا بەڕیوە چوو، بە گوێرەی بەرپرسانی هەر دوو شاندەکە، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو و لەسەر چەند پرسێک ڕێککەوتن.
ڤلادیمێر مێدێنسکی، سەرۆکی شاندی ڕووسیا، لەبارەی دانوستانەکانی لەگەڵ ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، لەسەر بنەمای سەقامگیری و ئاشتی دوو ڕەشنووسیان پێشکەشی ئۆکرانیا کردووه، کە ڕەشنووسی دووەم پێشنیازیی چەند ڕێگایەکە بۆ ئەگربەستی نێوانمان دەکات.
دووپاتیشی کردبووە: "هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئۆکرانیا شەش هەزار تەرم ئاڵوگۆر دەکەین. هاوکات لەسەر ئازادکردنی هەزار بۆ هەزار و 200 لەو دیلانەی برینی سەختیان هەیە یان تەمەنیان لە خوار 25 ساڵە ڕێککەوتین."