هه‌ولێر.. دوای كۆچی دوایی خاوه‌نه‌كه‌یان دوو سه‌گ رۆژانه‌ ده‌چنه‌ شوێنی كاره‌كه‌ی

چیرۆكی وەفای سەگێك بۆ خاوەنەكەی

K24 – ھەولێر:

بەردەوام سەگ بەوە ناسراوە وەفای بۆ مرۆڤ ھەیە، بەتایبەت بۆ خاوەنەكەی و چەندین چیرۆكی سەرنجڕاكێشیش لەو بارەیەوە ھەن. یەكێك لە نوێترین چیرۆكەكان، وەفای سەگێكە لە شاری ھەولێر. دوای ئەوەی وەستا حازم قەساب بە جەڵتەی دڵ كۆچی دوایی كرد، سەگێك و توتكە سەگێك رۆژانە دەچنە بەردەمی دووكانەكەی و ماوەیەك چاوەڕێی دەكەن. كە دەزانن حازم قەساب ناھێت؛ شوێنەكە جێده‌هێڵن. ئەوەی ھاوڕێیانی حازم قەسابی تاساندووە سەگەكان خواردن بە دەستی ئەو ھاوڕیانەی حازم ناخۆن و شوێنەكە جێدەھێڵن.

ئەم سەگە دۆستی حازم قەسابی کۆچکردووە. شەش رۆژە دۆستەکەی وەفاتی کردووە، بەڵام ئەم سەگە رۆژانە لە دوو کاتی دیاریکراودا دێتە بەردەم دوکانەکەی. ھەرچەند خواردنیشی پێدەدەن بەڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خواردنەکە بە دەستی دۆستەکەی نیە؛ نایخوات، تەنھا لەو دیو جامەکەوە سەیری ژوورەوەی قەسابخانەکە دەکات. کاتێك دەزانێت حازم قەساب لە ژوورەوە نیە، شوێنەکە جێدەھێڵێت.

دۆستایەتی ئەم سەگە و بێچوەکانی لەگەڵ حازم قەساب دۆستایەتیەکی تازە نەبوو، ئەوان سێ ساڵە ھاورێن، لە رۆژێکدا دوو جار خواردنیان لەم شوێنە تەنھا بە دەستی وەستا حازم وەرگرتووە، بێ ئەوەی ھیچ کەسێك شوێنی مانەوەیان بزانێت.

دوای وەفاتی خاوەنی ئەم قەسابخانەیە، ئێستا چیرۆکی ھاوڕێیەتی خاوەنەکەی لەگەڵ سەگەکە و بێچوەکانی، لەو ناوە دەنگی داوەتەوە، رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانی شوێنەکە دەکەن و دەیانەوێت لە نزیکەوە وەفای سەگه‌كه‌ بۆ دۆستەکەی ببینن.