ساڵانە 10 ملیار دۆلار لە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ون دەبێت
رێگه به پەرلەمانتارانی عێراق نادرێت سەردانی دەروازە سنوورییەکان بکەن
K24 – ھەولێر:
بە گوتەی بەشێك لە پەرلەمانتارانی عێراق، ھەموو ھەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان بێ بەرھەم بوونه، تەنھا 5%ی داھاتی دەروازەکان بۆ حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە.
موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: دەروازەکانی عێراق لەدەستی میلیشیا، خاوەن ھێز و حزبەكاندان. حکومەتی عێراق دەمێكە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەروازەكانی لە دەستداوە و ناشتوانێت دەروازە سنوورییەكان كۆنترۆڵ بكات و داھاتەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ خهزێنهی دەوڵەت.
بەشێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێیانوایە، بەشی زۆری داھاتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بۆ کەسانی حزبی و میلیشیاکان دەڕوات. چەندین جاریش وەك پەرلەمان ویستویانە بەدواداچون بۆ بارودۆخی ئەو دەروازانە بکەن؛ بەڵام رێگەیان پێنەدراوە.
ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: ئەو بارودۆخەی دەروازە سنوورییەکان بووەتە ھۆکارێك بۆ گەندەڵی زیاتر لەسەر سنوورەکانی عێراق؛ بۆیە ھەوڵ دەدەن بەدواداچون بکەن، بۆ ئەوەی ئەو داھاتە بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دهوڵهتی عێراق.
بە گوێرەی ئەو ئامارەی لە بەردەستی پەرلەمانتارانداییە و لە لیژنەکانی لێکۆڵینەوە وەریانگرتووە، ساڵانە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار داهاتی دەروازەکانی عێراقدا ون دەبێت و تا ئێستاش نەتوانراوە داھاتی ئەو دەروازە سنووریانە بە تەواوی ئاشکرابکرێت. پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتیدەكەنەوە، داھاتێكی زۆر لە دەروازە سنوورییەكان دەچێتە گیرفانی ھەندێك كەس، لایەن و گروپ؛ حكومەتیش دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە و لێپرسینەوەش لەو داھاتە ونبووە ناكات.