موسڵاوییەكان لەسەر ئەركی خۆیان شارەكەیان بونیاددەنێنەوە

گله‌یی لە نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییەکان ده‌كه‌ن

 

K24 - موسڵ

رۆژ و مانگ و ساڵ تێپەڕدەبن و هیوا و ئومێدی خەڵکی موسڵ بە حکومەت کەمتر دەبێتەوە. خەڵکی ئەو شارە ناڕازین و دەڵێن حکومەت نە قەرەبووی کردوونەتەوە و نە شارەکەش ئاوەدان دەکاتەوە، بۆیە بەشێکیان لەسەر ئەرکی خۆیان دەستیان بە نۆژەنکردنەوە کردووە.

نەشئەت ناتق، دارتاشە لە موسڵ و دەڵێ "هەموومان لەسەر شوێنی خۆیان دروستکردووەتەوە، ‌حکومەت هیچی بۆ نەکردووین و قەرەبوومان ناکاتەوە، ئێوە بەچاوی خۆتان دەبینن هەمووی وێرانە، ئەگەر حكومەت قەرەبووی خەڵک بکاتەوە جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە".

لە بەری رۆژهەڵاتی موسڵ، زیاتر لە 50٪ـی خەڵکی شارەکە دەربەدەر بوون و لە شوێنی دیکە نیشتەجێ بوون، زۆربەیان هەژارن و ناتوانن شوێنەکانیان ئاوەدان بکەنەوە.

ئەحمەد عەبد، هاووڵاتییەکی موسڵە لەو شوێنەی تێیدا قسە بۆ کوردستان24 دەکات، دەڵێ "ئەو خانووانەی ئێمە سێ بۆ چوار ساڵە وێران بوون، لە دەرگای هەموو لایەکمان داوە لە رێکخراوەکان و حکومەت، بەڵام بێسوود بووە، خەڵک هەژار و کەمدەرامەتن و لە خانووی کرێدان".

کاربەدەستانی موسڵ بەهەمان شێوە ناڕازین لە بەغدا و دەڵێن بودجەی پێویست بۆ موسڵ تەرخان ناکات.

سیروان رۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا دەڵێ "ئێمە، وەکو حکومەتی خۆجێیی بەردەوام گلەییمان هەبووە لە حکومەتی فیدراڵی کە وەکو پێویست بایەخی بە نەینەوا نەداوە، بەتایبەتی سەنتەری شاری موسڵ".

هەروەها دەڵێ "ئەو بودجەیەی دابیندەکرێت، بەپێی ژمارەی دانیشتووانە، واتا حاڵی نەینەوایان وەکو هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق حساب بۆ کردووە، بەڵام ئێمە داوامان کردووە بەپێی ئەو زیانەی بە شاری موسڵ و پارێزگای نەینەوا گەیشتووە، مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام بەداخەوە حکومەت وەکو پێویست بەدەممانەوە نەهاتووە".

نەینەوا لە هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق زیاتر لەسەر دەستی داعش زەرەری پێکەوتووە و پێشبینی دەکرێت ئاوەدانکردنەوەی پێنج ساڵی دیکە بخایەنێت.

 

هـ.ر.