ئه‌مڕۆ شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

داڕشتنی پڕۆژە بودجەی سێ ساڵەی عێراق ئەنجامدەدەن

K24 - ھەولێر

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق دوا گفتوگۆ لەبارەی  پلانی ستراتیژی بۆ داڕشتنی پڕۆژە بودجەی سێ ساڵەی عێراق ئەنجامدەدەن.

زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئه‌مڕۆ شاندی ھەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی دەچنەوە بەغدا و بڕیاره‌ رۆژانی دووشەممە و پێنج شەممەی داھاتوو کۆبوونەوەکان لەسەر داڕشتنی ستراتیژیەتی پڕۆژە بودجەی2021 تا 2023 ئەنجامبدەن".

گوتیشی "ئەم کۆبونەوانە دەبێتە دوایەمین کۆبوونەوەی ھەولێر و بەغدا لەسەر ئەو پرسە ئەگەر وەزارەتی دارایی کۆبوونەوەکان زیاتر درێژنەکاتەوە".

كۆبوونەوەكانی لیژنەی داڕشتنی بنەما ستراتیژییەكانی بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵی ئاییدە، لە 31-8-2020 دەستیان پێكردووە. ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە پلانە ئابوورییەكە و نوێنەرانی ھەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكاندا بەشداربوون.

داڕشتنی ئەو بنەما ستراتیژییانە بۆ ئەوەیە لەڕووی ئابوورییەوە پلانێك دابڕێژرێت بۆ سێ ساڵی داھاتوو، کە جۆرێك لە سەقامگیریی ئابووری بێنێتە كایەوە.

لە کۆبوونەوەی ھەفتەی رابردوودا ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ دەربارەی بنەماکانی ستراتیژیی گشتی بودجەی فیدراڵیی عێراق کرا بۆ ساڵەکانی 2021 تا 2023. لە کۆبوونەوەکدا وەزیری پلاندانان، روونکردنەوەی پێشکەش کرد و ئەنجوومەنی وەزیرانیش وەزارەتەکانی راسپارد، ھەماھەنگی لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان بکەن بۆ ئەو مەبەستە، تاوەکو ھەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کاریگەری هەبێ لە داڕشتنی ستراتیژییەتی بودجەی فیدڕاڵی بە ئاراستەی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.