پزیشکانی بێسنوور: بەدخۆراکی لە غەززە چوار هێندە زیادیکردووە

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ئەمڕۆ هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، ڕایانگەیاند، بەشێک لە منداڵانی غەززە کە تەمەنیان لە نێوان شەش مانگ بۆ پێنج ساڵدایە، هەروەها ژنانی دووگیان و شیردەر، بەدەست بەدخۆراکییەوە گرفتارن.

لە بەیاننامەیەکدا ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە، "بەکارهێنانی برسێتی وەک چەکی شەڕ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لە غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار ".

کارۆلاین ویڵمان، ڕێکخەری ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە کەرتی غەززە، دەڵێت: کارمەندانی تەندروستیی ئێستا "هەموو ڕۆژێک 25 حاڵەتی نوێی بەدخۆراکی" تۆمار دەکەن.

لە کلینیکەکەدا ژمارەی نەخۆشانی بەدخۆراکی لە 18ـی ئایارەوە چوار هێندە زیادیکردووە، هەروەها ڕێژەی بەدخۆراکی لەنێو منداڵانی خوار پێنج ساڵ لە دوو هەفتەی ڕابردوودا سێ هێندە زیادیکردووە.

دەشڵێت: "ئەمە برسێتییەکی بە ئەنقەستە، بەهۆی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانیان بۆ جینۆساید". "برسیکردن و کوشتن و کەمئەندامکردنی ئەوانەی کە بە نائومێدیەوە هەوڵی وەرگرتنی یارمەتی دەدەن، قبوڵکراو نییە."

شەممە، 12ـی تەممووزی 2025، محەممەد ئەبو موغیسیب، جێگری ڕێکخەری پزیشکی ڕێکخراوەکە لە غەززە ڕایگەیاندووە، "ئەمە یەکەمجارە لە غەززە بەدخۆراکی بە شێوەیەکی وا گەورە دەبینین"، گوتیشی: "برسیکردنی خەڵک لە غەززە بە ئەنقەستە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕێگە بدەن خۆراک بچێتە ناو غەززە، سبەی ئەم کارە کۆتایی دێت."

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوەکە، زیاتر لە دوو مانگە ئیسرائیل ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی کردووە، ئەمەش وایکردووە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری بدەن لە مەترسیی برسیەتی لە سەرانسەری کەرتی غەززە.