ئێران: دانوستانێکی ڕاشکاو و بەرهەمدارمان کرد
دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە ئیستانبوڵ کۆتایی هات و سەرۆکی شاندی تاران لەو بارەیەوە دەڵێت، دانوستانێکی بەرهەمداریان هەبووە و ڕێککەوتن لەسەر ئەوە بەردەوامی بە گفتوگۆیەکان بدەن.
هەینی 25ـی تەممووزی 2025، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی شاندی ئێران بۆ دانوستانەکان لەگەڵ ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار و ڕاشکاومان لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە کرد.
هەروەها ئاماژەشی داوە، دواهەمین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پرسی سەپاندنەوەی سزاکان سەر ئێران و بەرنامەی ئەتۆمی تارانیان تاوتوێ کردووە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەخنە لە هەڵوێستی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە بەرانبەر هێرشەکانی 13ـی حوزەیرانی 2025، بۆ سەر وڵاتەکەی دەگڕیت و باسیش لەوە دەکات، هەڵوێستی خۆیان لە بەرانبەر سەپاندنەوەی سزاکان بۆ ئەو سێ وڵاتە ڕوون کردووەتەوە.
کازم غەریب ئابادی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، هەردوو لایەن لەسەر ئەوا ڕێککەوتن کە بەردەوامی بە دانوستانەکان بدەن.
پێشتر ئەو سێ وڵاتە ڕایانگەیاندبوو، ئەگەر تاوەکوو مانگی ئاب لەگەڵ ئێران نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێک، سزاکانی 10 ساڵ بەر لە ئێستا بەسەر تاران دەسەپێننەوە.
لە ساڵی 2015 هەر یەکە لە وڵاتانی ئەمەریکا، چین، ڕووسیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران لەسەر سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی تاران ڕێک کەوتبوون، کە بە ڕێککەوتنی 1+5 ناسرابوو.