بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا: دەستبەجێ کارەساتی مرۆیی غەززە ڕابگیرێت
سەرۆکەکانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەڵوێستی خۆیان لەسەر پرسی غەززە دووپات کردەوە و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی ئەو کارەساتە مرۆییەی کەرتەکە دەکەن.
هەینی 25ـی تەممووزی 2025، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشییان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەیان داوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بە تەلەفۆن لەبارەی دۆخی مرۆیی غەززە قسەیان کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو سێ وڵاتە داوا لە حکوومەتی ئیسرائیل دەکەن دەستبەجێ هەموو سنوورەکان لەسەر دابەشکردنی هاوکاری مرۆییەکان هەڵ گرێت و هەنگاوی جددی بۆ چارەکردنی قەیرانی خۆراک لە کەرتەکە بگرنە بەر.
هەروەها داواش لە ئیسرائیل دەکەن، ڕێگە بە ڕێکخراوە مرۆییە ناحکوومییەکان بدەن کار و چالاکییەکانی خۆیان بکەن.
ئەو سێ وڵاتە لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختییان کردووەتەوە، پێداویستییە سەرەکییەکانی وەکوو ئاو و خۆراک دەبێت دەستبەجێ بگەیندرێتە هاووڵاتییانی غەززە.
دووپاتیشییان کردووەتەوە، ئەو دۆخەی ئێستا لە غەززە هەیە قبووڵ کراو نییە و دەبێت ئیسرائیل ڕێز لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بگرێت.
دوێنێ پێنجشەممە، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئامادەیی وڵاتەکەی نیشان دا لە ئەیلوولی ئەمساڵدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت. جەختیشی کردبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەمە بە فەرمی ڕادەگەیەنێت.
هاوکات ئەڵمانیا ڕەتی کردەوە دان بە دەوڵەتی فەڵەستینی دابنێت، بەڵام پێشتر بەریتانیا پشتگری لە بیرۆکەی ڕێگە چارە دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیلی لە ناوەچەکە کردبوو.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەر ئەمڕۆ هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پلانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، بۆ داننان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینی ڕەت کردەوە نووسیبووی: ئەم بڕیارە بێباکانە تەنیا خزمەت بە حەماس دەکات و ڕێگری لە ئاشتی دەکات.