فلیپین دەیەوێت كۆنسوڵخانەی خۆی لە ھەولێر بكاتەوە
ئومێدی خواست پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و ھەرێمی كوردستان زیاتر بەرەوپێش بچێت
K24- ھەولێر:
باڵیۆزی فلپین لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی خوازیاری كردنەوە كۆنسوڵخانهی خۆیەتی لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی كوردستان.
جینۆ روسو كالونج باڵیۆزی فلپین لە عێراق جەختیكردەوە لە سەر ھەوڵەكانی وڵاتەكەی بۆ كردنەوەی كۆنسوڵخانەیەك یان نووسینگەیەكی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە ھەرێمی كوردستان بە ئامانجی بەھێزكردنی پهیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا چاودێری و راییكردنی كاروباری ھاووڵاتیانی خۆی لە ھەرێمی كوردستان. ئەم قسانەی كۆنسوڵی فلپین لە میانی دیداریدا ھات لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.
ئەمڕۆ یەكشەممە، ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیكرد لەكۆنسوڵی فلپین و شاندی یاوەری و لەو دیدارەدا ھەورامی تیشكی خستە سەر كار و ئەركەكانی پەرلەمانی كوردستان لە رووی یاسایی و چاودێرییەوە، ئاماژەشی بە پێكھاتە سیاسی، نەتەوەیی و ئایینییەكانی پەرلەمان كرد.
لەم بارەوە لە راگەیاندنێكدا، ھەورامی جەختیكردەوە لە سەر گرنگی بەھێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان فلپین و ھەرێمی كوردستان ھەروەھا پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا و رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و لێكەوتە ئابوورییەكانی پەتای كۆرۆنا لە جیھان.
باڵیۆزی فلپین خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەسەردانكردنی كوردستان و گەشەی ھەرێمی كوردستان و لە ھەمان كاتدا ئومێدی خواست پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و ھەرێمی كوردستان زیاتر بەرەوپێش بچێت.