چه‌ند مووشه‌كێك ئاراسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا كران

هیچ زیانێكی گیانیان لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراق، رایگه‌یاند، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ ده‌وروبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا به‌ مووشه‌ك بۆردومان كراوه‌.

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق، رایگه‌یاند، چه‌ند مووشه‌كێكی كاتیۆشا ئاراسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا كراوون و هیچ زیانێكی گیانیان لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

میدیای عێراقی باسی له‌وه‌ كردووه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ بیسترانی ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌كان، زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ ئه‌منییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ لێدراوه‌.

دواینجار كه‌ مووشه‌ك و گوله‌ تۆپ ئاراسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا كرابێت، رۆژی 6ی ئه‌م مانگه‌ بوو، كه‌ سێ مووشه‌ك ئاراسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ كران و یه‌كێكیان له‌ گه‌راجی ئۆتۆمبێله‌كانی ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه‌ ته‌قییه‌وه‌.