ماکرۆن: کۆبوونەوەی هەسەدە و دیمەشق هەنگاوێکی گرنگە

هەر دوو سەرۆکی فەرەنسا و سووریا جەختییان کردووەتەوە کە دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتییانە هەوڵی یەکخستنەوەی سووریا بدرێت، هاوکات سەرۆکی فەرەنسا کۆبوونەوەی هەسەدە و دیمەشق بە هەنگاوێکی گرنگ زانی.

شەممە 26ـی تەممووزی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا بە تەلەفۆن قسەم کرد و باسمان لە دواهەمین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کردووە.

ماکرۆن ئاماژەشی داوە، جەختیان لە پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی و ڕێگریکردن لە توندوتیژی لە سووریا کردووەتەوە، هاوکات دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە لە دروستکردنی گرژییەکان بەرپرسیارن، بەتایبەتی لە هێرشە کەنار دەریایەکانی وڵاتە.

سەرۆکی فەرەنسا لە بارەی ئاگربەستەکەی سوەیدا نووسیویەتی: ئاگربەستەکە نیشانەیەکی ئەرێنییە و پێویستیشە لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتییانە هەوڵی یەکخستنەوەی سووریا بدرێت و ڕێز لە مافی هەموو پێکهاتەکان بگیرێت.

باسی لەوەش کردووە، لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لەگەڵ شەرع و عەبدی، دووپاتییان لە ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ دۆخی سووریا کردووەتەوە. هەورەها ماکرۆن کۆبوونەوەیەکی نیازپاکی کە بڕیارە لەو نزیکانە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق ئەنجام بدرێت، بە هەنگاوێکی گرنگ زانی. 

ماکرۆن پشتگیری خۆی بۆ سەروەری و سەقامگیری سووریا، بە تایبەت هەماهەنگی سەر سنووری نێوان سووریا و لوبنان دووپات کردەوە و، پێشوازیشی لە هەوڵەکانی سەرۆکی سووریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرد.