لەسەرەتای ئەمساڵ تاوەکوو ئێستا 32 حاڵەتی خنکان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون

بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی بەرگریی شارستانی لە حەفت مانگی رابردوودا 32 حاڵەتی خنکان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، کە زۆرترینی لە هەولێر بووە و هیچ حاڵەتێکیش لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە تۆمار نەکراون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمساڵ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان 32 حاڵەتی خنکان تۆمارکراون، زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بووە، کە 11 حاڵەت بووە.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێم گوتیشی: لە نزیک زێ، ڕووبار و چەمەکان بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی، هاووڵاتییان و گەشتیاران ئاگادارکراونەتەوە لەوەی مەلەکردن لەو شوێنانە قەدەغەیە و مەترسی هەیە، بەڵام بەداخەوە پابەند نابن.

بەگوێرەی زانیاری و بەدواداچوونەکانی کوردستان24، کە بەشێک لە زانیارییەکانی لە پەیامنێرەکانی وەرگرتووە بەمشێوەیە:

هەولێر: 11 حاڵەتی خنکان تۆمارکراون

سلێمانی، هیچ حاڵەتێکی خنکان تۆمارنەکراوە

دهۆک: پێنج حاڵەتی خنکان تۆمارکراون 

هەڵەبجە، هیچ حاڵەتێکی خنکان تۆمار نەکراوە

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: پێنج حاڵەتی خنکان تۆمارکراون، کە تاوەکو ئێستاش تەرمی یەکێکیان نەدۆزراوەتەوە.

ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین: یەک حاڵەتی خنکان تۆمارکراوە و  28 حاڵەتی رزگارکردنیش لەو سنوورە هەبووە

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: شەش حاڵەتی خنکان تۆمارکراوە.

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، دوو حاڵەتی خنکان تۆمارکراوە.

ئاکرێ و بەردەڕەش، دوو حاڵەتی خنکان تۆمارکراوە.

ساڵانە لە وەرزی هاویندا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگری شارستانیی هەریم  تابلۆ و  ئاگادارکردنەوە بە زانیاری ورد لە شوێنە گەشتیارییە ئاوییەکان و نزیک رووبار و دەریاچە و چەمەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی گەشیار و هاووڵاتیان لە مەترسییەکانی مەلەکردن لەو شوێنانە دادەنێت.

 
Fly Erbil Advertisment