ترەمپ: ناوەندێکی دابەشکردنی خۆراک لە کەرتی غەززە دروست دەکەین

سەرۆکی ئەمەریکا بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە بارەی دۆخی غەززە گوتی: برسێتییەکی زۆر لە نێو منداڵانی غەززەدا هەیە، کەس ناتوانێت نکۆڵی لەمە بکات، بۆیە کاری هەرە لە پێشینەمان دابینکردنی خواردنە بۆ منداڵانی ئەو کەرتە.

دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە سکۆتلەندا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ناوەندێکی دابەشکردنی خواردن لە غەززە دروست دەکەن، کە خەڵک بە شێوەیەکی ئازادانە بەبێ هیچ بەربەستێک خواردن وەرگرن.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، بەگوێرەی میدیاکان هەندێک لە منداڵانی غەززە خەریکە دەمرن لە برسان. گوتیشی: هەر بە جددی برسێتییەکی زۆر لە غەززە هەیە، کەس ناتوانێت نکۆڵی لەمە بکات، بۆیە بەر لە کردنی هەر کارێک دەبێت خواردن بۆ منداڵانی ئەو کەرتە دابین بکرێت. ئەوەشی خستە ڕوو، ئیسرائیل لە دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بەرپرسیارە دەتوانێت هاوکاری زیاتر دابەش بکات.

باسی لەوەش کرد، هەرچەندە حەماس نایەوێت بارمتەکان و تەرمی بارمتەکان ڕادەست بکاتەوە، بەڵام ئەگەری ڕێککەوتنی حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەستی غەززە هەیە.

ترەمپ جەختیشی کردەوە، ئەگەر لە دەسەڵات نەبوواینایە، ئێستا شەش جەنگیی گەورە لە جیهان لە ئارادا دەبوو.

لای خۆشیەوە، کییەر ستارمەر گوتی: دەبێت وا لە وڵاتانی دیکە بکەین ئاگربەستی لە غەززە ڕابگەیەنن، ئاماژەشی دا، حەماس نابێت هیچ ڕۆڵێکی لە حکوومەتی داهاتووی فەڵەستیندا هەبێت.

پێشتر ڕۆژنامەی تەلیگراف بڵاوی کردبووە، ئەگەری هەیە ستارمەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ فشاری لێ بکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگی غەززە بێنێت و ئاگربەستی هەمیشەیی ڕابگەیەندرێت.

یەکشەممە 27ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند و ئاماژەشی دابوو، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەی مەواسی کەرتی غەززە، ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا 8ـی ئێوارە ئاگربەستی مرۆیی رادەگەیێنێت، هاوکات بە ڕێگەیەکی پارێزراو کاروانی خۆراک و دەرمان رۆژانە دەگەیێندرێنە غەززە.

ڕۆژی شەممە 26ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردەوە، بەڕێگەی ئاسمانی هاوکاریی مرۆییان گەیاندووەتە کەرتی غەززە، کە لە 7 کاروان پێکدێت و  ئارد، شەکر و خۆراکی لە قوتووکراو لەنێو هاوکارییەکاندا هەن.