ترەمپ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆکرانیا 12 ڕۆژ مۆڵەت بە پوتن دەدات

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی هیچ بەرەوپێشچوونێک لە ڕێککەوتنی ئۆکرانیا و ڕووسیا نییە، کەمتر لە دوو هەفتە مۆڵەت دەداتە سەرۆکی ڕووسیا تا لەگەڵ ئۆکرانیا ڕێک بکەون، ئەگەر سزای ئابووری بە ڕێژەی 100% لەسەر مۆسکۆ دەسەپێنێت.
دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، زۆر لە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بێئومێد بووە، بۆیە ڕەنگە ئەو 50 ڕۆژەی مۆڵەتی پێی دابوو، کەمی بکەمەوە؛ ئاماژەشی دا، 10 بۆ 12 ڕۆژی داهاتوو کۆتا وادە دەبێت بۆ ئەوەی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا ڕێک بکەوێت، چونکە هیچ بەرەوپێشچوونێکمان لە بارەی ئاگربەستی نێوانیان نەبینیوە و ڕووسەکان و ئۆکرانییەکان بەبێ هۆکار دەمرن.
باسی لەوەش کرد سزای ئابووری قورس بەسەر ڕووسیا دەسەپێنین، تاوەکوو ڕێککەوتنێک لە ئۆکرانیا ڕادەگەیەنرێت. دەبێت
گوتیشی: پێم وا بوو دەتوانم گفتوگۆ لەگەڵ پوتن بکەم، بەڵام چیتر ئارەزووی قسەکردن لەگەڵ ئەو سەرۆکەم نییە.
لای خۆشییەوە ئەندری یەرماک یاریدەدەری سەرۆکی ئۆکرانیا پێشوازی لە لێدوانەکانی ترەمپ دەکات و گوتی: سوپاسی هەڵوێستە توندەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لە بەرانبەر سەرۆکی ڕووسیا و پەیامە ڕوونەکەی بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکەم. ئاماژەشی دا، " کاتێک ئەمەریکا بە هێزەوە سەرکردایەتی دەکات، ئەوانی دیکە باشتر بیر لە هەنگاوەکانیان دەکەنەوە".
دووشەممە 14ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ڕووسیا و ئۆکرانیا لە 50 ڕۆژی داهاتوو نەگەنە هیچ ڕێککەوتنێک، ئەوا سزای ئابووری قورس بەسەر ڕووسیا دەسەپێنێت، سزاکانیش بە ڕێژەی %100 دەبێت.