ئەمساڵ 521 حاڵەتی توشبووی ڤایرۆسی جگەر لە هەولێر تۆمارکراون

پشکنینی ڤایرۆسی جگەر لە هەولێر
پشکنینی ڤایرۆسی جگەر لە هەولێر

لە تاقیگەی گشتی تەندروستی لە هەولێر، مانگانە هەشت بۆ نۆ هەزار پشکنینی ڤایرۆسی جگەر ئەنجام دەدرێن، چەند ساڵێکە پشکنینەکان زیادییان کردووە لەپێناو ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

ھیمداد عوبێد، بەرپرسی بەشی ڤایرۆسەکان لە تاقیگەی گشتی تەندروستی ھەولێر دەڵێت: پشکنینی جۆری(B) لە جیهان بەربڵاوە، لەبەر ئەوەش بەربڵاوە، چونکە خەڵک زیاتر تووشی دەبێت، بەڵام لەهەرێمی کوردستان حاڵەتەکە ئەوەندە زۆر نییە کە جێی مەترسیی بێت، مانگانە هەشت بۆ 10 حاڵەتی ڤایرۆسی جگەر لە پشکنینەکان دەردەچن، لەو ژمارەیە خەڵکی دووبارەی تێدایە، چونکە بەردەوام چاودێریی دەکرێن، دەشڵێت: پێویستە خەڵک هۆشیار بێت، چونکە ئەگەر هەر کەسێک تووشی بێت، بۆ هەمیشە ڤایرۆسەکە لە لەشیدا دەمێنێتەوە و زیان بە جەرگی کەسەکە دەگەیەنێت.

لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ڕێکارەکانمان توندتر کردووە و پشکنینی زیاتر دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا سەنتەری چارەسەریی نەخۆشییەکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان کراونەتەوە، هەر کەسێک تووشی ڤایرۆسی جگەر بێت، ڕاستەوخۆ دیپۆرتی وڵاتەکەی خۆی دەکرێتەوە.

تەنها لە پارێزگای هەولێر، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 521 حاڵەتی نوێی هەردوو جۆری ڤایرۆسی جگەر تۆمار کراون کە 84 حاڵەتیان خەڵکی بیانین.

وەزارەتی تەندروستی بە ڕێنمایی تایبەت، دامەزراوەکانی پابەندکردووە، هەر کەسێک بیانی بێت و تووشی ڤایرۆسی جگەر بووبێت، ڕێگە نادرێت بێتە نێو هەرێمی کوردستان و ڕەوانەی وڵاتەکەی دەکرێتەوە.