نێچیرڤان بارزانی و جه‌یمس جێفری كۆبوونەوە

تاوتوێی دۆخی ناوچەكە و ھەماھەنگی دەكەن

سه‌ربه‌ياني ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22/9/2020 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پيشوازى له‌ باڵيۆز جه‌ميس جيفرى، نوێنه‌رى تايبه‌تى ئه‌مه‌ريكا بۆ سووريا و نێرده‌ى تايبه‌تى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا که‌ وه‌زیری کاروباری پێشمه‌رگه‌، سوپاسالاری پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ی بوون، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سووريا، ئه‌رکی هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى چالاكى و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر له‌ سووريا و عێراق، دۆخى كورد و گفتوگۆى لايه‌نه‌ كوردييه‌كان له‌ سووريا بۆ چاره‌سه‌رکردنی كێشه‌كانيان و يه‌كڕيزيى نێوانيان تاوتوێ كرا.

جيفرى به‌رده‌وامی پشتگیریی ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ كورد و هاوبه‌شانيان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و نه‌هێشتنى يه‌كجاره‌كيى داعش له‌ سووريا، هه‌رێمى كوردستان و عێراق دووپاتكرده‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌موو هاوكارييه‌كى پێويست پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقييه‌كان ده‌كات.

هه‌روه‌ها پشتگيرى و خۆشحاڵيى ئه‌مه‌ريكاى بۆ گفتوگۆى نێوان لايه‌نه‌ كوردييه‌كان له‌ سووريا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان نيشان دا و ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵى ئه‌رێنیی نێچيرڤان بارزانى و هه‌رێمی کوردستان له‌پێناو لێكنزيككردنه‌وه‌يان و هاندانيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان كرد.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانيش سوپاسى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشى كرد بۆ هاوكارى و پشتگيريى به‌رده‌وميان و جه‌ختى له‌‌ گرنگى و پێويستيى به‌رده‌واميى ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و هاوبه‌شانيان له‌ ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌ تا دڵنيابوون له‌ له‌ناوچوونى يه‌كجاره‌كيى داعش.

په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانى له‌ سووريا، هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ڕێكار و هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر – به‌غدا، پرسی کورد له سووریا، هێزه‌ بیانییه‌کان له‌ سووریا، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، هه‌وڵه‌كان بۆ پاراستنى سه‌قامگيرى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، بڕیاریشه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ جه‌یمس جێفری له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆك بارزانی و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش كۆببێته‌وه‌.

پرسی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و دۆخی سووریا و به‌ر‌ده‌وامی هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌بێت.

نێچیرڤان بارزانی و جه‌یمس جێفری كۆبوونەوە
نێچیرڤان بارزانی و جه‌یمس جێفری كۆبوونەوە
نێچیرڤان بارزانی و جه‌یمس جێفری كۆبوونەوە