15 وڵاتی ڕۆژئاوا داوا لە وڵاتانی دیکە دەکەن دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دا بنێن
ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، ڕایگەیاند، فەرەنسا و 14 وڵاتی دیکە لەوان کەنەدا و ئوسترالیا داوایان لە وڵاتانی دیکە کردووە نیازی خۆیان بۆ دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین ڕابگەیەنن.
بارۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "لە نیویۆرک لەگەڵ 14 وڵاتی دیکە، بانگەوازێکی بەکۆمەڵ دەکەن، بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین." گوتیشی: "داوا لەو وڵاتانی دیکە دەکەین، بەشداریمان بکەن".
کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ڕێگە چارە ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل بە هاوسەرۆکایەتی فەرەنسا و سعوودییە لە نیویۆرک دەستی پێ کرد، هاوکات ئەمەریکا بایکۆتی کۆنفرانسەکەی کردووە و بە بانگەشەی سیاسیی و خزمەتکردن بە تیرۆر ناو دەبات، لە بەرانبەر دا فەرەنسا هەڵوێستێکی پێچەوانەی هەیە و ڕژدە لەسەر ئەوە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت.
دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕا گەیەنراوێکدا ئاماژەی داوە، کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ڕێگە چارە ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل، بێ بەرهەم دەبێت و لە کاتێکی هەڵەدا بەڕێوە دەچێت. ئاماژەشی داوە، ئەو کۆنفرانسە بۆ بانگەشە و مەبەستی سیاسی هەیە، ئەمەش هەنگاوەکان بۆ ئاشتی قورستر دەکات.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەو پاڵنەرە دیپلۆماسییە تیرۆریست پاداشت دەکات، هەروەها بەڵێنی دان پێدانانی دەوڵەتی فەڵەستینی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بە خزمەت بە دوژمن دەگەیەنێت.
هەروەها شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودییە ڕایگەیاند، ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا پەیوەستە بە دادپەروەری بۆ گەلی فەڵەستین. جەختیشی کردەوە کە سعوودییە پشتیوانی لە ڕاگەیاندی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستین دەکات.
گوتیشی: ئەمە تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکوو باوەڕێکی پتەویە کە دەوڵەتی فەڵەستینی هەنگاوێکی ڕاستەقینەی بۆ ئاشتی لە ناوچەکە.
لای خۆشییەوە، محەممەد موستەفا، سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین، لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا گوتی: ئێستا کاتی ئەوەیە ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەرپرسیاریەتی خۆیان هەستن و دەستبەجێ دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن.
گوتیشی: دەبێت ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بکشێتەوە و حەماسیش دەستبەرداری ئەو ناوچانە بیت کە کۆنترۆڵی کردووە و چەکەکانیشی ڕادەستی حکوومەتی فەڵەستین بکات.
پێشتریش، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، فەرەنسا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوول، دان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینیدا دەنێت، بەڵام هەریەکی لە ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕەخنەیان لە هەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا گرت.
هەروەها بڕیار بوو کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە چارەی دوو دەوڵەتی بۆ فەڵەستین و ئیسرائیل بە هاوسەرۆکایەتی سعوودییە و فەرەنسا لە 17 و 20ی حوزەیران بە ڕێوە بچێت، بەڵام ڕێکخراوەکە کۆنفرانسەکەی بۆ 28ی تەممووز دوا خست. ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە دان پێدانانی دەوڵەتێکی فەڵەستینییە لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
لە کۆی 193 ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، 142 ئەندام دەنگیان بە ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستین داوە.