"ژمارەیەک کۆمپانیای ئەوروپی ئامادەییان دەربڕیوە بۆ دروستکردنی هێڵی ئاسن لە هەرێمی کوردستان"
دانا عەبدولکەریم، وهزیری ئاوهدانكردنهوه: لە داهاتوویەکی نزیکدا قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی هێڵی ئاسن دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە
K24 - ههولێر:
ئەمڕۆ سێشەممە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە خوان خۆسێ ئیسکۆبار، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق و وەفدێکی یاوەری کردو پڕۆژەی دروستکردنی هێڵی ئاسن لە هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لەو بوارەدا تاووتوێکرا.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیسپانیا کرا لەسەر ئاستە جیاوازەکان بەتایبەت پڕۆژە ستراتیژییە ئەندازیارییەکان و وەبەرهێنان لەو بوارانەدا، لەوبارەیەوە باڵیۆزی ئیسپانیا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیان بە سەردان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا، ئامادەیی کۆمپانیا ئیسپانیەکانی دەربڕی بۆ رۆڵ بینین و کارکردن لە ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بەتایبەت دروستکردنی رێگای خێرا و هێڵی شەمەندەفەر.
باڵیۆزی ئیسپانیا ئاماژەی بەوەکرد، دەیانەوێت ئەولەویەتی پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بزانن، هاوکات ئامادەیی کۆمپانیاکانی وڵاتی ئیسپانیای دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسن لە هەرێمی کوردستان و هاوکاریکردنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بۆ جێبەجێکردن و تا رادەی دابینکردنی خەرجی پڕۆژەکەش، لەمڕوەوە وتی: "وڵاتەکەمان لە بواری دروستکردنی هێڵی ئاسنین شارەزایی و ئەزمون و توانای بەرچاویان هەیەو دەمانەوێت ئەو شارەزایی و ئەزمونە لە جێبەجێکردنی هێڵی ئاسن لە هەرێمی کوردستان بخەینەگەڕ و یەکێک لە باشترین کۆمپانیاکانی جیهان کە ئیسپانیە هێڵی ئاسنین دروستبکات".
لای خۆشیەوە، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وێڕای بەخێرهاتنی وەفدی میوان، تیشکی خستەسەر پلان و بەرنامەی وەزارەتەکەی و رایگەیاند، چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە پلان و بەرنامەماندایە لەوانە؛ هێڵی شەمەندەفەر و تونێل و رێگای خێرا (Expressway)، هاوکات ئیسپانیاش وڵاتێکی گەورەو خاوەن ئەزمونەو سوپاسی کردن بۆ هەوڵەکانیان بەمەبەستی خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە بواری دروستکردنی هێڵی ئاسن.
هەروەک جەختی کردەوە "دروستکردنی هێڵی ئاسن یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیەکانی وەزارەتەکەیان و دەمانەوێت ئەم پڕۆژەیە لە هەرێمی کوردستان بکەنە ئەمری واقع و سێ ئاست لە خۆدەگرێت، وەک قۆناغی یەکەم و لە داهاتویەکی نزیکیشدا، دەستبکەین بە ئامادەکردنی (feasibility study)ی پڕۆژەکە، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک کۆمپانیای ئەوروپی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، هاوکات خۆشحاڵین بەوەی کە ئیسپانیاو کۆمپانیاکانی ئەم وڵاتەش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە لەم بوارەدا، کە خاوەن ئەزمون و شارەزایین لەو بوارەدا".
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن پاڵپشتی و هاوکاریی وەزارەتەکەی بۆ وەفدی میوان دوپات کردەوەو وتی: "هەمو هاوکارییەکی وەزارەت و حکومەت پێشکەش بە کۆمپانیاکان دەکەین بەمەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە باشترین شێوە".