ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی مۆسکۆ دەکات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوەی سووریا ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی مۆسکۆ دەکات، ئەمەش یەکەم سەردانی فەرمیی بەرپرسێکی حکوومەتی نوێی سووریایە بۆ ڕووسیا لە دوای لادانی بەشار ئەسەد.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بە ئاژانسی تاس-ی ڕووسیای ڕاگەیاند، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا پێشوازی لە ئەسعەد شەیبانی، هاوتا سوورییەکەی دەکات بۆ گفتوگۆکردن لە مۆسکۆ.
لە بەیاننامەکەی زاخارۆڤادا هاتووە؛ هەردوولا پەیوەندیی دووقۆڵی تاوتوێ دەکەن، جگە لە "پرسە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان".
تا ئێستا هیچ لێدوانێک لە لایەنی سووریاوە سەبارەت بە سەردانەکە نەدراوە.
ڕووسیا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی بەردەوام لایەنگری بەشار ئەسەدی دەکرد. هەروەها بە پاڵپشتییە سەربازییەکانی، یارمەتیی ئەسەدی دا بۆ ماوەی ساڵانێک لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، تاوەکو لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی تەحریر شام توانیان دەست بەسەر دیمەشقی پایتەختی سووریادا بگرن و کۆتایی بە دەسەڵاتی 54 ساڵەی ڕژێمی ئەسەد بهێنن. دوای ڕووخانی كهوتنی دیمهشقیش، بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو ڕووسیا هەڵات.