بەرپرسی شانە نوستووەکانی داعش لە قەراج دەستگیرکرا

"یەکێکە لە گرنگترین داواکراوەکان"

 K24 - هەولێر

دەزگای هەواڵگری سەربازیی عێراق، دەستگیرکردنی بەرپرسی شانە نووستووەکانی رێکخراوی داعشی لە ناوچەیەکی نزیک شارەدێی قەراجی سەر بە قەزای مەخموور راگەیاند.

بەپێی بەیاننامەیەک کە شەوی رابردوو (سێشەممە، 22-9-2020) بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای هەواڵگریی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ئەو بەرپرسەی داعش "لە ئۆپەراسیۆنێکی بێوێنەدا و بەپێی زانیاریی وردی هەواڵگری دەستگیرکراوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ناوی بەرپرسەکەی داعش ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەوە هاتووە "ئەو کەسە تیرۆرستێکی ترسناک بووە و لە ناحیەی قەراجی قەزای مەخموور، بەرپرسی شانە نوستووەکانی داعش بووە".

بەرپرسی شانە نووستووەکانی داعش وەکو لە راگەیەندراوەکە ئاشکرا کراوە "یەکێک لە کوڕەکانی لە شەڕدا کوژراوە و برایەکیشی بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی تیرۆرستی، لە زینداندایە و سزای 25 ساڵ زیندانی بۆ دەرچووە".

هەروەها باس لەوە کراوە "ئەو کەسە یەکێکە لە گرنگترین داواکراوەکان کە ماوەیەکە داوای دەستبەسەرکردنی بەپێی ماددەی 4ـی تیرۆر بۆ دەرچووە".

 

هـ.ر.