10 کیلۆگرام هیرۆیین لە سنووری نێوان باکوور و باشووری کوردستان دەستیبەسەردا گیرا
یەک تۆمەتبار دەستگیرکراوە
K24 - هەولێر
10 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری هیرۆیین لە سنووری باشوور و باکووری کوردستان لەلایەن تیمێکی هاوبەشی ئاسایشی سۆران و مێرگەسۆر دەستی بەسەرداگیرا.
موقهدهم سیامهند حهسهن ئهرگوشی، بهرپرسی نووسینگهی تایبهت له بهڕێوهبهرایەتی ئاسایشی سۆران ئەمڕۆ (چوارشەممە، 23-9-2020) لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند "دوای ئەوەی زانیاریمان کۆکردەوە لەبارەی هەندێک جموجۆڵی نایاسایی لە سنوورەکەمان، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی ئاگادارکرایەوە، لەسەر بڕیاری ئەویش تیمێکی هاوبەش لەنێوان ئاسایشی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی مێرگەسۆر پێکهێنرا و مەفرەزەیەک نێردرایە سەر سنوور".
ئەو تیمەی پێکهێنراوە لەسەر سنووری باکوور و باشووری کوردستان لەنێوان گوندەی بەرمیزە و شانەشا، لە دەشتێکدا جموجۆڵی نایاساییان بینیوە، موقهدهم سیامهند دەڵێ "لەئەنجامی بەدواداچوونیشدا ئەو تیمە هاوبەشە 10 کیلۆ ماددەی هۆشبەرمان دەست بەسەرداگرت، کە لە جۆری هیرۆیینە و لە وڵاتی تورکیا بە قاچاغ هێنرابووە هەرێمی کوردستان".
سەبارەت بە تۆمەتباری رووداوەکە بهرپرسی نووسینگهی تایبهت له بهڕێوهبهری ئاسایشی سۆران جەختی کردەوە لەوە "یەک تۆمەتبار لەو کەیسەدا دەستگیرکراوە، کە خەڵکی سیدەکانە و ماڵی لە هەولێرە. لیکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە".
بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە 26-6-2020 کە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانە ئاشکرای کردبوو "لەماوەی ئەو شەش مانگەدا 358 کیلۆگرام و 552 گرام ماددەی ھۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە، کە لە ماددەکانی: ھێرۆین، کریستاڵ، تلیاک و حەشیش و جامیکا پێکھاتوون".
هـ.ر.