ره‌وشی هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا بۆ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا روونده‌كرێته‌وه‌

لە دانیشتنێکی فەرمی لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا و عێراق

K24 – هه‌ولێر:

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، وتارێکی پێشکەش بە لێژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا و عێراق کرد.

لە دانیشتنێکی فەرمی لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا و عێراق و بە ئامادە بوونی بەڕێوبەری بەشی کەنداو و عێراق لە ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و نووسینگەی پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپادا، دلاوەر خالد ئاژگەیی،  نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی وتارێکی لە سەر دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە گرینگەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوە چوو، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بابەتێکی بۆ بەشداربووان خستەڕوو کە گرنگترینیان تایبەت بوو بە تیشک خستنەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپاو رەوتی دانوساندنەکانی نێوان هەردوو لا و مەترسی سیاسەتی بە عەرەبکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و پرسی ئەمن و ئاسایشی ئەو ناوچانە و مەترسی سەرھەڵدانەوەی داعش.  جیا لەمەش و لە تەوەرێکیدیکەدا پرۆسەی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و  چەند پرسێکی تر خرانە بەر باسەوە.

نوێنەری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و رایگەیاند، ئەم بابەتە تەنیا خۆی لە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێمدا نابینێتەوە و حکومەتی هەرێم بڕوای وایە سەرجەم کێشەکان دەبێت لە رێگەی گفتوگۆ و بە پێی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن و حکومەت و گەلی کوردستان وەکوو هاوبەشی راستەقینە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و پەیوەست بەمە ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کرد بە ناردنی شاند بۆ بەغدا و داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد لە پێناوی گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی و رێکەوتن هاوکاری هەردوولا بکات و توانا دیپلۆماسیەکانی بخاتە گەڕ.

لە تەوەرێکی تردا دلاوەر خالد ئاژگەیی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان،  بە تایبەتی کەرکووکی خستەبەرباس و گفتوگۆوەو ئاماژەی بە میکانیزمی بە سیستەم کرا و سیاسەتی پڕ لە مەترسی بە عەرەب کردنی ئەو ناوچانەی کرد و رایگەیاند، کە حکومەتی هەرێم زۆر بە وردی چاودێری بارودۆخی ئەم ناوچانە دەکات و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە قەبوڵ ناکات و ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە دواجار سەقامگیری و ئاسایش و پێکەوەژیان دەخاتە مەترسیەوە و حکومەتی فیدراڵی لێ ئاگادار کردووه‌تەوە و بڕیارە تایبەت بەم پرسە شاندێک رەوانەی بەغدا بکات.

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا نوێنەری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بە بارودۆخی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم کرد و رایگەیاند کە گەڕانەوەی هێزکانی پێشمەرگە و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق لەو ناوچانە دەتوانێت بواری ئاسایش لەو ناوچانە باشتر بکات و ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی تیرۆردایە لە هەرێمی کوردستان تاکو شەڕی دژی داعش بە یەکجاری کۆتایی دێت.

هەر چی پەیوەندی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقەوە بوو ئاژگەیی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پشتگیری لەو هەڵبژاردنانە دەکات، بەڵام گرنگە پێش هەڵبژاردنەکان هەموو لایەنەکان لە سەر سیستەم و یاسای نوێی هەڵبژاردن رێککەون و گرنگە یاسای نوێ یەکسانی رەچاوبکات و دەنگ و مافی خەڵکی کوردستان نەخرێتە بەر پێشیلکردنەوە. بە هەمانشێوە گرنگە بارودۆخی کەرکووک و ناوچەکانی تر ئاسایی بکرێنەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاکو بێ گەرد و دیموکراتی بە چاودێری یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوە بچێت.

لەکۆتایی دانیشتنەکە دلاوەرخالد ئاژگەیی وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە سەبارە بە دۆخی ناوچەکە و ئەگەری پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکانەوە.

لە لای خۆیەوە سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا و عێراق، دەستخۆشی و سوپاسی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشکەشکردنی وتارەکە و راگۆڕینەوە و ئەو بەرچاو روونیانەی لە میانی ڤیدیۆکۆنفرانسەکەدا خرانەڕوو.