موقتەدا سەدر: هەندێك گرووپى حەشدی شەعبی زیان بە عێراق دەگەیەنن

پەیامێک ئاراستەی حەشدی شەعبی دەکات

K24 - هەولێر

موقتەدا سەدر رایدەگەیەنێت، هەندێك گرووپی حەشدی شەعبی بە کارەکانیان دەبنە هۆی لاوازکردنی عێراق بە خەڵک و وڵاتەوە، "لاوازکردنی ئەوانیش واتا بەهێزکردنی هێزە دەرەکییان، لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمەریکا".

موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر درەنگانی شەوی رابردوو (چوارشەممە، 23-9-2020) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر پەیامێکی ئاراستەى حەشدى شەعبى كرد و دەڵێت، هەوڵبدەن بە دانایی و لەبەر خۆشەویستیی عێراق و گەلەکەی هەڵسوکەوت بکەن، چونکە ئێوە لەبەرامبەر خوا و گەلی عێراق بەرپرسن.

سەدر، رێبەری گەورەترین بزووتنەوەی جەماوەریی شیعەیە لە عێراق، فەرماندەی سەربازیی بزووتنەوەکەیەتی کە لە سوپای مەهدی، لیوای یەوم مەوعوود و سەرایا سەلام پێکدێت.

رێبەری رەوتی سەدر، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جارێکی دیکە داوا دەکات دەستوەردان لە کاروبارە ناوخۆییەکانی عێراق نەکرێت و، دەڵێ "چیدیکە عێراق بەرگەی تووندوتیژی، شەڕ، هەڵچوون، ململانێی سیاسیی و ئاژاوە ناگرێت".

حەشدی شەعبی، دامەزراوەیەکی سەربازییە، کە لەلایەن دەوڵەتەوە سپۆنسەر دەکرێت، لە نزیکەی 40 گرووپی جیاواز پێکدێت، کە هەرە زۆریان شیعەمەزهەبن. حەشدی شەعبی زۆرجار تۆمەتبار دەکرێت بەوەی سەر بە ئێرانە و وەلائیان بۆ ئەو وڵاتە زیاترە.

هـ.ر.