لیستی مووچەی مانگی تەممووز ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا
لیستی مووچەی مانگی تەممووز ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە، 03ـی ئابی 2025، لیستی مووچەی مانگی تەممووز (7)ـی فەرمانبەر و مووچەخۆران لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا."
ڕادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی تەممووز لە کاتێکدایە، تاوەکوو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە. لە کاتێکدا، زیاتر لە هەفتەیەکە، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران، ڕادەستی وەزارەتی دارایی فيدراڵ کراوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆتا کۆبوونەوەیدا ڕایگەیاند، دوای ڕادەستکردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران؛ ئەرکی وەزارەتی دارایی عێراقە لە بەرامبەردا، مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.
ڕۆژی پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، کۆتا مووچە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردرا، کاتێک بڕی 974 ملیار و 813 ملیۆن دیناری وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بۆ مانگی ئایار خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تابیەت بە پرسی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دەنگی بە ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا، کە بەپێی لێکتێگەیشتنەکە دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار لە داهاتی نانەوتی و 230 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بداتە حکوومەتی فیدراڵ؛ بەڵام دوای هێرشە درۆنییەکان، ئاستی بەره
بە گوێرەی ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، تا بەرهەمهێنانی نەوت دەگەڕێتەوە ئاستی پێشووی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە هەموو نەوتی بەرهەمهاتوو کە نزیکەی 80 هەزار بەرمیل نەوتە، ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات؛ لە بەرانبەردا حکوومەتی عێراق مووچەی مانگی پێنج و مانگەکانی دیکەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات.