عێراق داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کارەساتی شنگال بە جینۆساید بناسێنن

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دان بە جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکە لەسەردەستی داعش دا بنێت.

شەممە، 3ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ساڵیادی ئەو جینۆسایدەی کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بەرانبەر ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکەی گەلەکەمان کرا، بە خەمێکی قووڵەوە ئەو تاوانە دڕندانەیە وەبیر دێنینەوە کە خەڵکی بێتاوانیان کردە ئامانج، هەروەها بەتوندی ئیدانەی دەکەین.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوا لە وڵاتان دەکات ئەو تاوانانەی بەرانبەر ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکە ئەنجامدراون بە جینۆساید بناسێنن. هەروەها جەخت لەسەر پێویستی هاوکاری نێودەوڵەتی دەکاتەوە بۆ وەرگرتنەوەی ڕفێنراوان و بەهێزکردنی هەوڵە هاوبەشەکان لەگەڵ حکوومەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە لە داهاتوودا.

ئاماژە بەوەش کراوە، جەخت لەسەر گرنگی دانپێدانانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەم پێشێلکاریانە وەک ناساندنی تاوانی جینۆساید و کۆیلەکردنی مرۆڤ دەکەینەوە، ئاماژەی بەوەش داوە، بەردەوامین لە هەوڵەکان بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی بەردەوام بۆ ڕزگاربووان و خێزانەکانیان و کارکردن بۆ ڕزگارکردنی ڕفێنراوەکان و دڵنیابوون لە بەدەستهێنانی مافی ڕزگاربووان کە لە یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی ژمارە (8)ی ساڵی 2021دا هاتووە، لە ڕێگەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان لە دەرەوەی وڵات.

ڕوونیشی کردەوە، وەزارەت پابەندە و بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆمەڵکوژیەکە بە جینۆساید بناسێنن، هەروەها هەنگاو بۆ پرۆسەی چاکبوونەوەی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو تاوانە قێزەونانە هاوێژراون.

لە 3ـی ئابی 2014، بە توندترین و دڕندانەترین شێوە کوردانی ئێزدی کەوتنە بەر شاڵا و جینۆسایدکردن لە لایەن چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، 6417 هاووڵاتی و لە لایەن چەکدارانی ڕێکخراوەکە ڕفێندران، کە تا ئێستا بە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانراوە ژمارەیەکی زۆریان ڕزگاربکرێت و ئەوانی دیكه‌ تا ئێستاش بێ سەروشوێنن.

هەروەها بەشێکیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کۆمەڵکوژ و جینۆسایدکران، کە تا ئەمڕۆ  83 گۆڕی بە کۆڵ دۆزراونه‌ته‌وه‌ و لەگەڵ ئەوەش دا داعش 68 مەزارگە و پەرستگای تایبەت بە کوردانی ئێزدی وێران کرد.

لە کۆمەڵکوژییه‌كه‌ی شنگال دا، 2745 منداڵ بێ دایک و باوک ماونه‌ته‌وه‌، لەگەڵ ئه‌وه‌شدا نزیکەی 400 هه‌زار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون و تا ئێستاش زۆربەی هەرە زۆریان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment