پۆلیسی به‌ریتانیا "قاچاخچییهكی كورد" ده‌ستگیر ده‌كات
به سیسته‌می نوێی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان شوێنه‌كه‌یان ئاشكرا كردووه.. 5 منداڵیش له‌سه‌ر به‌له‌می قاچاخچییه كورده‌كه بوونه
K24 - هه‌ولێر:
میدیاكانی به‌ریتانیا بڵاویانكرده‌وه، هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور، له رێگه‌ی سیسته‌می نوێی چاودێریكردنی سنووره ئاوییه‌كان، قاچاخچییهكیان به‌ناوی "رێبوار ئه‌حمه‌د" ده‌ستگیركرد.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یڵی به‌ریتانی، هێزی پاسه‌وانی سنوور، ئێستا له رێگه‌ی سیسته‌می نوێ، چاودێری سنووره ئاوییه‌كان، كه به‌ناوی "چاوێك له ئاسمان" ناونراوه، چه‌ند كۆچبه‌رێكی نایاسایی و قاچاخچییهكهیان ده‌ستگیركردووه، كه له فه‌ره‌نساوه ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ری به به‌له‌م په‌ڕاندووه‌ته‌وه به‌ریتانیا.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، قاچاخچییه‌كه ناوی "رێبوار ئه‌حمه‌د"ـه و 36 ساڵه، كاتێك له رێگه‌ی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان چاودێریكراوه و ده‌ركه‌وتووه سه‌رقاڵی به قاچاخبردنی په‌نابه‌رانه، له‌گه‌ڵ تیمی فریاگوزاری و هێزی پاراستنی سنوور، چوونه ناوچه‌كه و قاچاخچییه‌كه و كۆچبهرهكانیشیان ده‌ستگیركردوون.
دان ماهۆنی، له وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌ریتانیا رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌ستگیركردنی رێبوار ئه‌حمه‌د، په‌یامێكی روونه بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت قاچاخچێتی به مرۆڤ بكه‌ن.
لای خۆیه‌وه پریتی پاتێل، وه‌زیری ناوخۆی به‌رتیانیا ئاشكرای كردووه، كه حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی زۆر نزیك بووه‌ته‌وه له‌وه‌ی رێككه‌وتنێكی نوێ له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا بكات بۆ پاراستنی سنوور و رێگریكردن له په‌ڕینه‌وه‌ی كۆچبه‌ران له فه‌ره‌نساوه بۆ به‌ریتانیا.
به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌ریتانیا دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه به‌ڵگه‌ی ڤیدیۆیی به‌هێز هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن رێبوار ئه‌حمه‌د كه رۆڵی سه‌ره‌كی له قاچاخچێتییهكه هه‌یه، دادگایی بكه‌ن و دواتریش زیندانی بكرێت.
به‌له‌مه‌كه پێنج كه‌سی خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵی تێدا بووه، منداڵێكی بچووك و 4 منداڵی دیكه و ته‌مه‌نیان، له نێوان 10، 11، 14 و 16 ساڵی بووه.
هه‌ر چه‌نده رێبوار ئه‌حمه‌د ره‌تیده‌كاته‌وه خۆی قاچاخچی بووبێت و ده‌ڵێت: "منیش هه‌زار دۆلارم داوه تاوه‌كو له‌و رێگه‌یه‌وه خۆم بگه‌یه‌نمه به‌ریتانیا"، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا ئێستا ناسنامه‌ی رێكخه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و قاچاخچێتییه دیارینه‌كراوه.
به گوێره‌ی گوته‌ی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌ریتانیا، كه بۆ رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یڵ قسه‌یان كردووه، به‌شێك له‌و كۆچبه‌رانه داواكاری وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێتیان ره‌تكراوه‌ته‌وه و ئێستا جارێكی دیكه هه‌وڵیانداوه بگه‌ڕێنه‌وه به‌ریتانیا.