شاندێکی فێدراسیۆنی جامی کەنداو گەیشتە زاخۆ

شاندەكە هەڵسەنگاندن بۆ یاریگەی زاخۆ دەكات

یاریگەی نێودەوڵەتی یانەی زاخۆ وەرزی 2024 ـ 2025
یاریگەی نێودەوڵەتی یانەی زاخۆ وەرزی 2024 ـ 2025

شاندێكی فێدراسیۆنی جامی كەنداو سەردانی شاری زاخۆ دەكەن و هەڵسەنگاندن بۆ یاریگە و ئامادەكارییەكانی یانەكە دەكەن بۆ بەشداریكردن لە خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 3 ئابی 2025، شاندێكی جامی كەنداو کە جاسم رەمیحی ئەمینداری گشتی فێدراسیۆنەکە سەرۆکایەتی دەکات گەیشتە شاری زاخۆ.
شاندەكە سەردانی مەیدانی بۆ یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ دەكات و کۆبوونەوە لەگەڵ کارگێڕی یانەکە و لایەنی پەیوەندیدار دەكات، ئەم سەردانە فەرمییەش لە میانی ئامادەکارییەکانە بۆ دووەمین پاڵەوانێتی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو.
ئامانجی شاندەكە، چاودێریکردنی یانەی زاخۆیە لەرووی رێکخستن و هونەرییەوە کە لە پاڵەوانێتییەكە نوێنەرایەتی عێراق دەكات.
رەمیحی لە لێدوانێكی تایبەت كە لە پێگەی فەرمی فێدراسیۆنەكە بڵاوكراوەتەوە بە گرنگییەوە باسی بەشدارییکردنی زاخۆ لە پاڵەوانێتییەکە دەکات و دەڵێت: لەڕووی هونەری و هاندەرانەوە زاخۆ بەهای زیاتر بە پاڵەوانێتییەکە دەدات و پاڵەوانێتییەکە بەهۆی زاخۆ پێشکەوتنی گەورە و زیاتری بەخۆیەوە دەبینێت.
یانەی زاخۆ دوای ئەوەی پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراقی بەدەستهێنا، وەكو نوێنەری عێراق بەشداریی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو دەكات و كە تێیدا یانەكانی رەیانی قەتەری، عەینی ئیماراتی، قادسیەی كوێتی، نەهزەی عومانی، سترەی بەحرێنی، تەزامنی یەمەنی لە خولەكە بەشدارن.
بڕیارە رۆژی 11ـی مانگی داهاتوو بە ئامادەبوونی نوێنەری 8 یانە بەشداربووەكە، تیروپشكی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو رادەكێشرێت، هاوكات خولەكە لە رۆژی 16ـی مانگی داهاتوو دەست پێ دەكات و لە رۆژی 14ـی نیسانی 2026 كۆتایی دێت.