لیستی ناوی ئەو کەسانەی لە کەورگۆسک زەوییان بۆ دەرچووە بڵاوکرایەوە

لە سنووری شارەوانی کەورگۆسک تیروپشک بۆ زەوی فەرمانبەران کرا و پارێزگاری هەولێریش دەڵێت: تاوەکوو یەک کەس مابێت لەو سنوورە پرۆسەکە بەردەوامی دەبێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە سنووری شارەوانی کەورگۆسک هەزار پارچە زەوی دابەشدەکرێت، فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان دەگرێتەوە، دابەشکردنی زەوی لە بارودۆخی ئێستا پێویستبوو، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک وەزیران فەرمانی دابەشکردنی زەوی دا بۆ ئەو کەسانەی سوودمەند نەبووە.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: بڕیاری سەرۆک وەزیران بۆ دابەشکردنی زەوی بووە هۆی دڵخۆشی فەرمانبەران و سوودمەندان، تاوەکوو یەک فەرمانبەر مابێت، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت بەگوێرەی ئەو خاڵبەندییەی دانراوە.
لە قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر تیروپشک بۆ فەرمانبەرانی سوودمەند لە شارۆچکەی بەحرکە کرا کە ژمارەیان زیاتر لە سێ هەزار فەرمانبەربوو.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.