ئێران: دامەزراندنی ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانی پەسەند کرد
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بە سەر جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی بەرگری بۆ پێداچوونەوە بە ستراتیژیی بەرگری و بەهێزکردنی توانای سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد.
یەکشەممە 3ـی ئابی 2025، میدیا فەرمییەکانی ئێران، دامەزراندنی ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانی وڵاتەکەیان بڵاو کردەوە. هاوکات ئەو ئەنجوومەنە بەپێی ماددەی 176ـی دەستووری ئێران دامەزراوە.
لەم بارەوە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانی لەلایەن سەرۆکی ئێران و بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندە باڵاکان و وەزیرانی وڵات بەڕێوە دەبردرێت و ئەرکییان پێداچوونەوە بە ستراتیژییەتی بەرگری و بەهێزکردنی توانای سەربازییەکانی ئێران دەبێت.
ڕۆژی هەینی 1ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی "فارس"ـی بڵاوی کردبووە، ئێران سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە دەگۆڕێت و ئەنجوومەنێکیش بە ناوی 'ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانی' پێکدەهێنێت.
باسی لەوەش کردبوو، عەلی لاریجانی کە ئێستا ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێرانە؛ دەکرێتە سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان کە ئێستا سکرتێری ئەنجوومەنەکەیە، بەرپرسیارێتیی ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت و ستراتیژی وڵاتەکەی پێ دەسپێردرێت.
ئاژانسی فارس ئاماژەشی دابوو، ئەنجوومەنەکە بەرپرسیارێتیی ستراتیژی لە بواری سیاسەتەکانی بەرگریی وڵاتەکەدا لە ئەستۆ دەگرێت و بە بەشێک لە ڕێکخستنی نوێی حووکمڕانی لە بواری بەرگری و ئاسایشدا دادەنرێت.