بۆچی دۆخی کۆرۆنا هاوژینەکان بەرەو جیابوونەوە رادەکێشێت؟

هەندێک هۆکاری ئەم دۆخە هەیە کە هەرگیز خۆیان درکیان پێنەکردووە

K24- هەولێر:

بە دەنگێکی هێمن و لەرزیو، پەیوەندی پێوەکردم و گووتی، ناتوانم یەک خولەکی دیکە لەگەڵ تۆ بژیم، ئەمەوێت جیاببینەوە و هیچ هۆکارێکیشم نییە تاوەکو چاوەڕێ بکەم، ئەمە دواین نامەی خاتوونێکە بۆ هاوسەرەکەی کە بەهۆی فشارەکانی دۆخی کۆرۆنا نووسیویەتی.

کلینیکی تایبەتی سایکۆلۆژی جیابوونەوە لە ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، پێشووتر هەفتانە پێنج ژن و مێرد پەیوەندییان پێوە دەکردین و باسیان لە جیابوونەوە دەکرد، لەگەڵ دۆخی ئێستای کۆرۆنا، رۆژانە زیاد پێنج حاڵەتی لەو جۆرە لای ئێمە روودەدەن.

بەگوێرەی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، داوای جیابوونەوە لە شاری نیویۆرک، 50% زیادی کردووە، جیاوازی ئەم جیابوونەوانەش لەوەدایە، لایەک هێند وەرەز دەبێت، داوا دەکات بە زووترین کات جیا ببێتەوە.

نیویۆرک تایمز ئاشکرایکردووە، کۆرۆنا دۆخێکی دەروونی ناسەقامگیری دروستکردووە، زۆر جار ئەم ناسەقامگیرییە کار دەکاتە سەر پەیوەندی نێوان هاوسەران و ساردی و دوورکەوتنەوە روودەدات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان، بەسەربردنی کاتێکی زۆرە لە ماڵەوە بەو دۆخە دەروونییەوە، کە ئەو هاوسەرانە بێ ئەوەی هەستی پێبکەن، دۆخە ناسەقامگیر و پڕ فشارەکەیان دەخەنە ئەستۆی پەیوەندییەکەیان.

یەکێکی دیکە لە کاریگەرییەکان، کەمبوونەوەی ئارەزووی پێکەوەبوون، زۆربوونی گفتوگۆی تووند و رەخنەیە، کە دواجار ئەمانەش هەر پەیوەندی نێوان دوو کەسەکە باجەکەی دەدات.

توێژەرانی دەروونی لەوبارەوە دەڵێن، دۆخی کۆرۆنا هاوشێوەی تووشبوونە بە نەخۆشییەکی درێژ خایەن، مردنی منداڵێک یان کەوتنە ناو جەنگی نێوان دوو وڵات، چونکە لەم دۆخانە فشاری دەروونی زۆر دەبن و دەبنە هۆی جیابوونەوە.

ئیلیزابێس کۆهن، بەڕێوەبەری سەنتەری سایکۆلۆژی توودەی دەڵێت، لە ماوەکانی رابردوو دەیان هاوسەرمان لە جیابوونەوە پەشیمان کردووەتەوە، چونکە ئەو کێشانەی بۆیان دروستبووە تەنها هۆکارەکەی فشاری دەروونی و نەبوونی گەشبینییە.

دەشڵێت، لایەنێکی باشی خۆشی هەیە، چونکە زۆرێک لەم هاوسەرانە، بەهۆی ئەو فشار و زۆر کات بەسەربردنە لە ماڵەوە، زیاتر کەسایەتیی یەکتریان بۆ دەرکەوتووە و لەیەکتر تێگەیشتوون، بۆیە کاتێک هەردوولا دەگەڕێنەوە بۆ لای یەک، باشتر پەیوەندییەکەیان بەڕێوەدەبەن.