ئێران: رێکارەکانمان لە گەرووی هورمز بە تەواوی یاسایین
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەرگری لەو رێکارە توندانە دەکات کە لە گەرووی هورمز گرتوویانەتەبەر، و بە هەنگاوێکی "تەواو یاسایی" وەسفیان دەکات.
پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەو رێکارانەی سەبارەت بە گەرووی هورمز گیراونەتەبەر لە ڕووی یاساییەوە تەواو دروستن.
هاوکات دووپاتی کردەوە، کە "ئێران وەک وڵاتێکی کەناراو، لە کاتی کەوتنە مەترسیی ئاسایشی نەتەوەییدا، مافی خۆیەتی رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی گەرووی هورمز."
بەقایی زیاتر روونی کردەوە، "ئەم بڕیارانە لە دۆخێکدا دراون کە ئێران لە ماوەی 30 بۆ 40 رۆژی جەنگدا، بە هۆی خراپ بەکارهێنانی ئەم رێڕەوەوە زیانی زۆر قورسی بەرکەوتووە."
ئاماژەی بەوە کرد، کە "ئامانج لەم رێوشوێنانە، دۆزینەوە و دروستکردنی میکانیزمێکە کە تێپەڕبوونێکی سەلامەت و بەردەوام بە ناو گەرووەکەدا دەستەبەر بکات و ئاستی بەرپرسیارێتی لە بەڕێوەبردنی ئەم رێڕەوە ستراتیژییەدا بەرز بکاتەوە."
دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران گەرووی هورمزی بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست، بەڵام دوای بەرێوەچوونی گەرێکی دانوستانەکان لە پاکستان، بۆ ماوەی 24 کاتژمێر گەرووی هورمز کرایەوە، دواتر جارێکی دیکە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە داخرایەوە، هەروەها داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی بەرزبوونەوە نرخی نەوت و گاز لە بازاڕەکانی جیهان، چونکە لە 20% بازرگانی نەوتی جیهانی بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت.
هەروەها دۆناڵد ترەمپیش لە بەرانبەر داخستنی گەرووەکە گەمارۆی دەریایی خستە سەر ئێران و ناهێڵێت هیچ کەشتییەکی بازرگانی تاران هاتوچۆ بکات. بەمەش ئێران ناتوانێت بەرهەمی نەوتی هەناردە بکات.