ناوی نێیمار بە چەندان یانەی ئەورووپا بەستراوەتەوە

سێریا ئەی ئامادەیە پێشوازی لە نێیمار بكات

نێیمار دا سیلڤا بە درێسی یانەی سانتۆس
نێیمار دا سیلڤا بە درێسی یانەی سانتۆس

سەرەڕای ئەوەی ساڵانی رابردوو یانەکانی سێریائەی واتە خولی ئیتاڵیا، چالاکی ئەوتۆیان لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان نەبووە، بەڵام ئەم هاوینە بە پێچەوانەی پێشبینیەکان یانەکانی ئەم خولەش پارەیەکی زۆریان خەرج کردووە و چەند یاریزانێکی دیاریش پەیوەندیان بە یانەکانی ئەم وڵاتە کردووە، لەوانەش کیڤن دێ برۆین و لوکا مۆدریچ، دەنگۆیەکیش هەیە نێیمار داسیلڤاش وەرزی داهاتوو لە خولی ئیتاڵیا یاری بکات.
نێیمار داسیلڤا دوای ئەوەی ئەزموونێکی ناسەرکەوتووی لە خولی سعوودی تاقیکردەوە، دواجار بڕیاریدا خولی ئەو وڵاتە جێبهێڵێت و پەیوەندی بە یانەی سانتۆسەوە بکاتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە پێدەچێت حەزی گەڕانەوەی بۆ ئەوروپا هەبێت و چەند جارێکیش دەنگۆی ئەمە بڵاوبووەتەوە.
بە درێژایی ئەم هاوینە بەردەوام باس لەوە دەکرێت نێیمار داسیلڤا دەیەوێت بگەڕێتەوە ئەوروپا و ناوی بە چەند یانەیەکیش بەستراوەتەوە، یەکێک لەو یانانەش یانەی مارسێی فەڕەنسیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەردوولا هیچ قسەیەکی فەرمیان لەسەر ئەم بابەتە نەکردووە.
ئێستا لە ئیتاڵیا دەنگۆیەکی دیکە بڵاوبووەتەوە، گوایە بەرپرسانی یانەی یوڤێنتوس بیر لەوە دەکەنەوە نێیمار داسیلڤا بگوازنەوە ریزەکانیان، دوای بڵاوبونەوەی ئەم دەنگۆیەش برێمەر بەرگریکاری بەڕازیلی خانمە پیرەکە، لە دیمانەیەکدا پێشوازی لە هاتنی هاونیشتیمانیەکەی دەکات.
نێیمار گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سانتۆسی وڵاتەکەی کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتان لەگەڵ یانەکەی بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش بڕیاری لەسەر داهاتووی خۆی نەداوە، بە گوێرەی دەنگۆی رۆژنامە جیهانیەکان، رەنگە ئەو یاریزانە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ئەوروپا.
نێیمار پێشتر لە ساڵی 2013 بەرامبەر نزیکەی 88 ملیۆن یۆرۆ لە سانتۆسەوە بۆ یەکەمجار چووە ئەوروپا و پەیوەندی بە بارسێلۆنا کرد، پاشان لە ساڵی 2017 بەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆ بارسێلۆنای جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی پاریس سانجێرمان کرد.